کوردستان24 نەهامەتییەکانی عەفرین دەگوازێتەوە

دۆخی خەڵکی سڤیلی عەفرین خراپە
kurdistan24.net

K24 - عەفرین

كوردستان24 وەك یەكەم تیمی میدیایی، لەنێو عەفرین دۆخی برینداران و خەڵكی شارەكە دەگوازێتەوە، برینداران كە بەشێكیان ئێستا لە نەخۆشخانەكاندا دەمێننەوە، باس لەوە دەكەن لە دۆخێكی خراپدا دەژین، ئەوان دەڵێن، خەڵكێكی زۆری سڤیل بووەتە قوربانی بۆردومان و تۆپبارانەكان و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن، توركیا ناچار بكات شەڕی عەفرین بووەستێنێت.

محەمەد عیسا، یەكێكە لەو بریندارانەی بەھۆی بۆردوومانەكانی توركیا بۆسەر عەفرین برینداربووە، ئەو ئێستا لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشكیدایە، باسی ساتەوەختی برینداربوونی دەگێڕێتەوە و بە كوردستان24 گوت: "لەماڵەوە بووم دەنگی تەقینەوەیەكی گەورەی ھات و سەری خانووەكەمان ھاتەخوارەوە، ویستم منداڵەكانم دەرباز بكەم، زۆربەی ئەندامانی خێزانەكەمان گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، تەنانەت ھەندێكیان تەنھا پارچەی ئەوانم بینی، نەوەكەم لەنێو دەستەكانم گیانی لەدەستدا، ھەوڵمدا ئەوانەی ماون بیانگێنمە نەخۆشخانە، تۆپێكی دیكەی لەماڵەكەماندا و تەنھا من مامەوە، نازانم چۆن منیش نەمردم".

بریندارەكانی عەفرین لە نەخۆشخانەكان كەوتوون و ھەریەكە و چیرۆكێكی ناخۆشی ساتی بۆردوومان و تۆپبارانی شارەكەیان دەگێڕنەوە، لەوەند حسێن، مێرمنداڵێكی شاری عەفرینە و بە برینداری لە نەخۆشخانە كەوتووە و دەڵێت: "لەو كاتەی تۆپباران دەستی پێكرد من لە دەرەوەی ماڵ بووم و دەمویست بڕۆمەوە، تۆپێك لە نزیك ئێمەی داو برینداربووم".

دكتۆر خەلیل سەبری، لە نەخۆشخانەی عەفرین ئاماری شەھید و برینداران بۆ كوردستان24 ئاشكرا دەكات و دەڵێ: "تا ئێستا تەرمی 37 شەھید گەیەندراوەنەتە نەخۆشخانەكەمان و جگە لەو ژمارەیەش ھەندێك شەھیدی دیكە ھەن لە دووری شار شەھیدبوونە نەھێندراونەتە نەخۆشخانە، ھەروەھا 67 برینداریش لە نەخۆشخانەكەمان چارەسەری پزیشكیان بۆ دەكرێت".

لە 20/1/2018، هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عەفرين له‌ ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه‌ زه‌يتون" و به‌ بۆمبابارانكردنى شاره‌كه‌ له‌ لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه‌ به‌ فەرمی ده‌ستيپێكرد.

ئۆپەراسيۆنه‌كه‌ وێڕاى به‌شدارى تانك و زرێپۆش و تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئه‌و وڵاته‌، به‌ ياوه‌رى ده‌يان هه‌زار له‌ چه‌كداره‌ ميليشياييه‌كانى "سوپاى سوورياى ئازاد" به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

داڕشتنەوە: ھ.م