توركيا هێزى زياتر ره‌وانه‌ى ئه‌عزاز ده‌كات

پێداويستى سه‌ربازى زياترى ره‌وانه‌ى ناوچه‌ى ئه‌عزازى رۆژئاواى كوردستان كرد

K24 – هه‌ولێر:

سوپاى توركيا هێز و پێداويستى سه‌ربازى زياترى ره‌وانه‌ى ناوچه‌ى ئه‌عزازى رۆژئاواى كوردستان كرد، كه‌ به‌ ده‌ست سوپاى توركيا و ميليشيا هاوپه‌يمانه‌كانييه‌وه‌يه‌.

ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ئه‌نادۆڵ بڵاويكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ سوپاى توركيا كاروانێك تانك و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلى سه‌ربازى له‌ ويلايه‌تى كليسى توركياوه‌ ره‌وانه‌ى سنوورى پارێزگاى حه‌له‌ب كردووه‌.

ئاژانسه‌كه‌ روونيكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و كاروانه‌ سه‌ربازييه‌ به‌ مه‌به‌ستى پشتيوانيكردنى زياترى ئۆپراسيۆنى سوپاى توركيايه‌ بۆ سه‌ر عفرين، كه‌ ناوى لێنراوه‌ "چڵه‌ زه‌يتون".

هێرشى سوپاى توركيا و فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر شارى عفرين له‌ رۆژئاواى كوردستان پێى نايه‌ ده‌يه‌م رۆژييه‌وه‌. له‌ باره‌ى زيانه‌ گيانييه‌كانيشه‌وه‌ هه‌ردوولايه‌نى شه‌ڕه‌كه‌ ئامار و زانيارى جياوازيان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

ئێواره‌ى رۆژى شه‌ممه‌ 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00) هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عەفرين له‌ ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه‌ زه‌يتون" و به‌ بۆمبابارانكردنى شاره‌كه‌ له‌ لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه‌ به‌ ره‌سمى ده‌ستيپێكرد.

ئۆپراسيۆنه‌كه‌ وێڕاى به‌شدارى تانك، زرێپۆش، تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئه‌و وڵاته‌، به‌ ياوه‌رى ده‌يان هه‌زار له‌ چه‌كداره‌ ميليشياييه‌كانى "سوپاى ئازادى سووريا" به‌ڕێوه‌ده‌چێت.