بۆ یه‌كه‌مجار له ناوخۆی ئێرانه‌وه ره‌خنه‌ی راسته‌وخۆ ئاراسته‌ی خامه‌نه‌یی ده‌كرێت
K24 - هه‌ولێر:
مه‌هدی كه‌رووبی، سه‌ركرده‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، بۆ یه‌كه‌مجار به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ، رووی ره‌خنه‌كانی ئاراسته‌ی ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نه‌یی، رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌سه‌ڵاته‌كانی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كارهێناوه.
كه‌رووبی، كه له ژێر مانه‌وه‌ی ناچارییه له ماڵه‌كه‌یدا، له په‌یامێكدا، رۆژی سێشه‌ممه بڵاوكرایه‌وه، داوا ده‌كات ته‌واوی به‌رپرسیارێتییه‌كانی دۆخی سه‌ختی ئابووری وڵات و قه‌یرانه سیاسییه‌كان، بخرێته سه‌ر خامه‌نه‌یی، له بری ئه‌وه‌ی گله‌یی له كه‌سانی دیكه بكرێت.
كه‌ڕووبی، ته‌مه‌ن 80 ساڵ، له‌و په‌یامه ره‌خنه‌ئامێزه‌ی داوا له خامه‌نه‌یی ده‌كات، شێوازی خۆی له ئیداره‌دانی وڵات بگۆڕێت، به‌ر له‌وه‌ی كار له كار بترازێت.
له‌و په‌یامه‌دا كه له‌سه‌ر وێبسایتی فه‌رمی حزبی ریفۆرمخوازه‌كه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه، ده‌ڵێت: "سێ ده‌یه‌یه له پۆستی رێبه‌ری باڵای وڵاته، به‌ڵام تا ئێستاش وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنێك قسه ده‌كات".
به گوێره‌ی ره‌خنه‌كانی كه‌رووبی، به به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی "ئۆپۆزیسیۆن"، نابێت خامه‌نه‌یی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ره‌هایانه‌ی هه‌بێت، له كاتێكدا ره‌خنه‌ش له سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی وڵات، حه‌سه‌ن رۆحانی ده‌گرێت، به چاوێكیش لێی ده‌ڕوانێت كه ده‌بێت ئابووری وڵات ئازاد بكات، له‌كاتێكدا له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی پاسداران و كۆمپانیا حكوومییه‌كان قۆرخ كراوه.
به گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزیش، كه‌رووبی ده‌ڵێت: "له ماوه‌ی سێ ده‌یه‌ی رابردوو، ده‌سه‌ڵاتی هێزه شۆڕشگێڕییه‌كانی بۆ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی خۆی به‌كارهیناوه، بۆیه ده‌بێت خۆشت رووبه‌ڕووی ئه‌نجامه‌كان ببیه‌وه".
كه‌رووبی پیاوێكی ئایینی شیعه‌یه هاوشیوه‌ی خامه‌نه‌یی، له ساڵی 2009 له‌گه‌ل میر حوسێن موسه‌وی، به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران كرد، دواتریش به هۆی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مه‌حموود ئه‌حمه‌دینه‌ژاد، بۆ ده‌سه‌ڵات، خۆپیشاندانیان رێكخست و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌حمه‌دینه‌ژاد، ساخته‌كاری كراوه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌ت ده‌كرده‌وه.
له ساڵی 2011ه‌وه، هه‌ریه‌ك له مه‌هدی كه‌رووبی، میر حوسێن موسه‌وی و ره‌هنوودی هاوسه‌ری، به‌بێ بڕیاری دادگا و به فه‌رمانی راسته‌وخۆی خامه‌نه‌یی، له‌ژێر مانه‌وه‌ی ناچاریدان.
كه‌رووبی له ره‌خنه‌كانیدا، باس له‌وه ده‌كات، له ژێر سایه‌ی سه‌ركردایه‌تی خامه‌نه‌یی، ئه‌و ده‌سته و دامه‌زراوانه‌ی دوای شۆڕشی 1979 به مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی هه‌ژاری دامه‌زراون، بوونه‌ته كۆمپانیای زه‌به‌لاح و نیوه‌ی زیاتری سامانه‌كانی ئێرانی‌یان قۆرخ كردووه و ناكه‌ونه ژێر هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی چاودێری.
به گوێره‌ی گوته‌ی كه‌رووبیش، له كۆی 80 ملیۆن ئێرانی، 10 ملیۆنی زیاتر له ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین.