بایك ھۆكارەكانی توڕەبوونی ئەردۆغان ئاشكرا دەكات

"ئەو دۆخە دەسەڵاتی ئاكەپەی خستووەتە مەترسی"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/6a5653f4-178e-4b3f-afe1-92f5b7af28ea/020318PEJ.ism/manifest

K24 - ھەولێر

ھاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە رایدەگەیەنێت، چەندین ھۆكار ھەن كە ئەردۆغان پێی نیگەران بووە و ناچاریكردووە ھێرش بكاتە سەر عەفرین، یەكێك لە ھۆكارەكانیش كۆتایی ھاتنی داعشە.

جەمیل بایك، ھاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: "نەمانی داعش پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی ئەردۆغان و توركیایە و ئێستا كە داعش لە دێرەزۆر بەرەو لەناوچوونە، ئەوان ھێرش دەكەنە سەر عەفرین".

جەمیل بایك، بە تەلەڤزیۆنی روناھی نزیك لە پەكەكەی گوت: "خەریكە داعش بە تەواوی لەناودەچێت، لەناوچوونی داعش شكستە بۆ ئەردۆغان، چونكە توركیا لە رێگەی ھەبوونی داعش لەناوچە سیاسەتی خۆی بەڕێوەدەبات، بۆیە دەخوازێ داعش لەناو نەچێت، ئێستا كە دەزانێ داعش بەرەو لەناوچوونە، توركیا ھێرش دەكاتە سەر عەفرین، دەیەوێ سیاسەتی خۆی لە سووریا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بچەسپێنێ".

گوتیشی: "ھۆكارێكی دیكەی دەستپێكردنی ھێرشی توركیا بۆسەر عەفرین، تێكچوونی بارودۆخی ناوخۆی توركیایە و باری نا یاسایی لەناو توركیا درێژكراوەتەوە، خەڵك لەو دۆخە قایل نییە، ھۆكارێكی دیكە ئەوەیە، ئێمە ژمارەیەك بەرپرسی دەزگای میتی توركیامان دەستگیركردن و دان پێدانی ئەوانمان بڵاوكردەوە، ھەموو ئەوانە ئەردۆغانیان تەنگاو كردووە، ئەو دۆخە دەسەڵاتی ئاكەپەی خستووەتە مەترسی".

بایك ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "دەسەڵاتی ئاكەپە لە مەترسیدایە و بۆ ئەوەی درێژە بە دەسەڵاتەكەیان بدەن، گرنگترین شت بیكەن تۆخكردنەوەی نەژاد پەرستییە".