تەرمی كچە شەڕڤانان دەشێوێندرێ

سەركردەیەكی یەپەژە: ئەو كردەوانە ھانمان دەدەن بۆ تۆڵەی مەزن
kurdistan24.net

K24 - عەفرین

سەركردەكانی یەكینەكانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لە عەفرین، وێڕای نیگەرانیان لە شێواندنی تەرمی شەڕڤانانیان، ئەوە دەخەنەڕوو كە ئەو كارە نامرۆڤانەی میلیشیای سوپای سووریای ئازاد كە لەلایەن توركیا پشتگیری لێدەكرێت، ساردیان ناكاتەوە لە بەرگریكردن لە عەفرین، بەڵكو ھانیان دەدات بۆ تۆڵەكردنەوەی گەورە.

شێواندنی تەرمی كچە شەڕڤانێك بەناوی بارین كۆبانێ، لەلایەن میلیشیای سووریای ئازاد كە لەگەڵ سوپای توركیا بەشدارە لە ھێرشكردنە سەر عەفرین،  كاردانەوەی ناوخۆی و دەرەكی لێكەوتەوە.

ئامەد كەنداڵ، فەرماندەی یەپەژە لە عەفرین بە كوردستان24 گوت: "بە ئەنجامدانی ئەو جۆرە كردەوە دوور لە بەھا مرۆڤایەتییەكان ئێمە ناترسێنن، تەنھا كینەمان زیاتر دەكات بۆ تۆڵەكردنەوە مەزن، ئەو كردەوە نامرۆڤانەی میلیشیای سووریای ئازاد و سوپای توركیا، ھانمان دەدات بۆ بەردەوامی لە بەرگری و سەركەوتن".

بڵاوبوونەوەی وێنەی تەرمی شێوێندراوی بارین كۆبانێ، دەنگدانەوەی گەورەی لە نێو خەڵكی شارەكە لێكەوتەوە، ھاووڵاتیەكی عەفرین بەناوی حوسێن شێخۆ، بە نیگەرانیەوە لەبارەی ئەو رووداوە بۆ كوردستان24 دواو گوتی: "ئێمە ھەرگیز لە خوێنی شەھیدانمان خۆش نابین، ئامادەیین خوێنی خۆمان بڕێژین بۆ پاراستنی عەفرین، ھەر ھێزو وڵاتێك ھێرش بكاتە سەر خاكمان ئێمە قبوڵ ناكەین، ئێمە وەك خەڵكی عەفرین و كوردستان ئەو كچە شەڕڤانەی تەرمی شێوێندراوە بە كەسوكار و شەڕەفی خۆمانی دەزانین".

داڕشتنەوە: ھ.م