به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مریكا: پێویسته به‌غدا و هه‌ولێر له‌سه‌ر مووچه بگه‌نه رێككه‌وتن
K24 - هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "له میانی سه‌ردانه‌كه‌مدا بۆ به‌غدا و هه‌ولێر، چاودێری پێشكه‌وتنه‌كانی دانووستانه‌كانی نێوان هه‌ر دوو لایه‌نه‌كه‌م كردووه‌و واشنتن هیواخوازه لێكنزیكبوونه‌وه‌ی زیاتر به‌دیبێت و قه‌یرانه‌كانی نێوانیان كۆتایی بێت".
جۆن سولیڤان، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه به‌مدواییانه سه‌ردانی هه‌ولێر و به‌غدای كرد، به رۆژنامه‌وانانی گوتووه: "هه‌ر یه‌كه له حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌م هانداوه، پێویسته بگه‌نه جۆره رێككه‌وتنێك تا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بدرێت و قه‌ده‌غه‌ی سه‌ر گه‌شته نیوده‌وڵه‌تییه‌كانی فرۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم هه‌ڵبگیرێت".
ئه‌و به‌رپرسه ئه‌مریكییه ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه كه "ئه‌مریكا پابه‌نده به عێراقێكی فیدراڵی گه‌شه‌سه‌ندوو و یه‌كگرتوو و دیموكراتی كه له‌گه‌ڵ خواستی هه‌موواندا یه‌كبگرێته‌وه".
جۆن سولیڤان ئاماژه‌ی به دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی داوه‌و ده‌ڵێت: "هه‌ر دوو لایه‌ن پێشكه‌وتنی باشیان له چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان به‌ده‌ستهێناوه‌و گرنگیشه به‌رده‌وامبن له دانووستان".
جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، په‌یامێكی بۆ هه‌ر دوو لایه‌نه‌كه هه‌یه و ده‌ڵێت: "پێویسته به‌رده‌وامبن له گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌و كێشانه‌ی بچووكن و ده‌كرێت به ئاسانی چاره‌سه‌ر بكرێن".
هه‌روه‌ها ته‌ئكیدی له‌سه‌ر گرنگی گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه بۆ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كردووه‌ته‌وه تا هه‌نگاوی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه گه‌وره‌كانیش هه‌ڵبگرن.