كۆنفرانسی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت

مەسروور بارزانی وتارێك پێشكەش دەكات

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی، یەكەم كۆنفرانسی خۆی لە ھەولێر دەبەستێت و تێیدا کار و چالاکییەكانی دەزگاكە لە ساڵی 2017 دەخرێتەڕوو، ھەر لەو كۆنفرانسەدا، مەسروور بارزانی، سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی، وتارێك پێشكەش دەكات.

موسا ئەحمەد، سەرۆكی دامەزراوەی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو كۆنگرەیە بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و ژمارەیەكی زۆر لە كونسوڵخانەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەڕێوەدەچێت، لەو كۆنفرانسەدا كاروچالاكییەكانی دەزگا لە ساڵی 2017 بە داتا دەخەینەڕوو، ھەروەھا ناساندنی دەزگا دەخەینەڕوو، بەشێوەی دیكۆمێنتاری كاروچالاكییەكانی دەزگا پێشاندەدرێن".

گوتیشی: "چالاكییەكانمان ساڵ دوای ساڵ جیاوازتر و بەرفراوانتر بوونە، جگە لە كوردستان و عێراق لە شوێنی دیكەش ھاوكاری ئاوارە و لێقەوماوانمان كردووە، مەزەندە دەكرێت تا ئێستا زیاتر لە 10 ملیۆن كەس لە دەزگای خێرخوازی بارزانی سوودمەند بووبن، ئەوە لەكاتێكدایە خەڵك ھەیە چەندین جار سوودمەندبووە".