دەربارەی: یەشار کەمال و ڕۆمانی حەمەدۆک (ئینجە مەمەد)

Kurd24

یەشار کەمال (کەمال سەدیق گۆێکچەلی – Kemal Sadık Gökçeli)، لە 6ی ئۆکتۆبەری 1923 لە خێزانێکی کورد لە نزیک دەریاچەی وان لەدایک بووە و لە ئەناتۆلی و دەوروبەری ئەدەنە گەورە بووە. یەکەم رۆمانی بەناوی:

( Sarı Sıcak - گەرمایەکی زەرد) لە ساڵی 1952 چاپکرا و سێ ساڵ دواتر بەرگی یەکەمی ڕۆمانی: (حەمەدۆک) چاپ و بڵاوکرایەوە. رۆمانی (حەمەدۆک) بە زاراوەی کرمانجی (مەمێ زڕاڤ)ی بۆداندرایە.

ڕۆمانی حەمەدۆک لە چوار بەرگ پێکدێ. بەرگی یەکەم لە ساڵی 1955 چاپکرا، بەرگی دووەمی لە ساڵی 1969 چاپکرا، بەرگی سێیەمی لە ساڵی 1984 و سێ ساڵ دواتر بەرگی چوارەمیشی چاپکرا. بەرگی یەکەم و دووەم و سێیەم لەلایەن مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە لە زمانی فارسی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدایە و بەرگی چوارەمیش لەلایەن عوسمان ئیسماعیلی لە زمانی سویدییەوە بۆسەر زمانی کوردی وەرگێڕدرایە.

بەرگی یەکەم ٥٤٤ لاپەڕەیە و بۆ جاری یەکەم لە ساڵی 1986 لەسەر ئەرکی: (دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی) چاپکرا و دوو ساڵ دواتر 1988 بەرگی دووەم (543 لاپەڕە) وەرگێڕدرا. لە پایزی 1990 بەرگی سێیەم (704 لاپەڕە) و بەرگی چوارەم (719 لاپەڕە) لە ساڵی 2010 بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدران. 

یەشار کەمال، جگە لەوەی کۆمەڵێک ڕۆمان و داستانی نووسیوە لە رۆژنامەی جمهورییەتیش لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو وەک رۆژنامەنووس کاری کردووە و ڕێپۆرتاژەکانی تا ئێستاش لەلایەن رۆژنامەنووسان و قوتابییانی بەشەکانی ڕاگەیاندن دەخوێندرێنەوە و لێیەوە فێری هونەری نووسینی ڕێپۆرتاژ دەبن، هەروەها کتێبی بۆ منداڵ نووسیوە، چیرۆک و داستان و دیوانی شعری چاپکراویشی هەیە.

دەزگای چاپ و پەخشی موکریان لە ساڵی 2012 هەر چوار بەرگی رۆمانی (حەمەدۆک)ی بەیەکەوە چاپکرد و بە بازاڕەکانی کوردستان بڵاوی کردنەوە، بەمجۆرە خوێنەری کورد بە بەرهەمێکی گەورەی جیهانی ئاشنا دەکات، کە نووسەرەکەی کوردێکی ڕەسەنە.

ڕۆمانی (حەمەدۆک) بە نزیکەی 40 زمانی دونیا وەرگێڕدرایە و بۆ خەڵاتی نۆبلیش پاڵێورا و بەداخەوە پێی نەبەخشرا. گرنگی ئەم رۆمانە بۆ خوێنەری کورد تەنیا ئەوەنییە، کە شاکارێکی ئەدەبی گەورەی جیهانی لە رێزی نووسەرانی وەک: لێڤ تۆڵستۆی، جاک ڵۆندۆن، ئەوگوست سترینگبێری، جۆن ڕید، مەکسیم گۆرکی، ئێرنست هێمێنگوای، گابریل گارسیا مارکیز، نەجیب مەحفوز، ئورهان پاموک،...هتد دەخوێنێتەوە، بەڵکو ئەو هەست دەکا، رووداوەکانی ناو ئەم ڕۆمانە بۆ ئەو نامۆنییە و ئاشنایە. ناوەڕۆک و بەسەرهات و گۆڕەپانی ڕووداوەکان لە کورد و ژیانی کوردەواری نزیکن.

یەشار کەمال لە ماوەی 32 ساڵ رۆمانی حەمەدۆکی نووسی، بەڵام خوێنەر هەست بە هیچ بۆشایێک یان لەنگیێک ناکات و ڕووداوەکان بە نەرمی لەدوای یەکتر دەڕۆن و هیچ پسان و وەستانێکی تێدا نییە. یەشار کەمال، بە جۆرێک وەسفی ژیان و دەشت و شاخ، ئەسپ و گوڵ و گوڵزار، بۆنوبەرام و ڕووبار و جۆگە و بەفر و ڕێژنەکانی باران دەکا، بێویستی خۆت، دەچیتە ناو ڕووداوەکان و لەناویان دەتاوێیتەوە، میوانی حەمەدۆک دەبیت و لەگەڵ برادەر و دۆست و دوژمنانی دەژیت، دەبیت بە پەپولە و هەست بە لەرزینی جوتێک باڵی ناسک و مژینی شیلەی گوڵ دەکەیت، دەبیت بە بەشێک لە ژینگە و وەک جوتیارەکان برسی دەبی، تێنوو دەبی و هەست بە سەرما و گەرما و خۆشەویستی دەکەیت، توڕەدەبیت و پێدەکەنیت، وەک دەروێشێک لەو ژینگەیە دەتاوێێتەوە، دەبییە سۆفی و قەت و قەت ناتەوێ، وشە و ڕستە و لاپەڕەکان کۆتاییان پێبێت. ئەو بیرتیژییە، ئەمشێوە داڕشتن و نووسینە، باسکردنی شیوەژیانی زیندەوەر و ئاژەڵ و مرۆڤ بەو شێوە ڕاست و دروستە، لە جیهان دەگمەنە و هەربۆیەش لە ساڵی 2011 لە نیۆیۆڕک رۆمانی حەمەدۆک خرایە ناو لیستی رۆمانی هەزار ساڵە.

یەشار کەمال، نووسەرێکی کوردە و بە زمانی تورکی دەنووسی، بەڵام قەت کوردبوونی خۆی نەشاردۆتەوە و شانازیشی پێوە کردووە. دیارە ئەو زمانە کوردییەی ئەو دەیزانی، بەشی نووسینی رۆمان و شاکاری ئەدەبی نەدەکرد. لێرە دەبی، لە کەشوهەوای ژیان و گوزەرانی کورد لە تورکیا لە سەد ساڵی ڕابردوو بگەین، بۆئەوەی لە نووسەر تێبگەین و ئەو لایەنە وەک خاڵی لاواز وەرنەگرین، باس لەوە هەرناکەین، نووسین و کتێب چاپکردن بە زمانی کوردی لە تورکیا لەوسەردەم قەدەغەبوو.

ڕۆمانی حەمەدۆک، باس لە کۆمەڵگایەکی فێیۆداڵی بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردووی گوندەکانی دەوروبەری چیاکانی تووڕووس، لێوارەکانی دەریای سپی، چووکووراوایە، ئاناوارزا و ئەدەنە و عوسمانییە دەکا. باس لە خەباتی بێکۆتایی جوتیاران بۆ نانپەیداکردن و ژیانێکی کولەمەرگی دەکا، باس لە تێکۆشانی گوندنشیەکان دژ بە زولم و ئاغا و بەگەکان دەکات، کە هەموو مافێکیان بەسەر جوتیاران هەیە و خوێنیان وەک زوحاک دەمژن. بە ئاشکرا، بوختان و درۆیان بۆ هەڵدەبەستن، دەیانگرن، دارکارییان دەکەن، بەجۆرێک هەندێک لەژێر ئەو ئەشکەنجەیە گیان لەدەست دەدەن.

باس لە خەباتی گوندنشیان بۆ ژیانێکی مەمرە و مەژی دەکا. لێرە گوندنشین خراپتر لە ئاژەڵ دەژین، دەکرێن بەجاش، بە خزمەتکار، دەستەی چەتەیان لێدروست دەکەن و لەسەر موڵک و ماڵیان نە جارێک نە دوو نە سێ دەریان دەکەن. غەدرێکی گەورە لە گوندنشینەکان دەکرێت و هیچ کەس و شووێنێکیش نییە، هانای وەبەر بەرن، ناڕەزایی و گلەیی خۆیان بگەینن. ئەو ژیانە سەختە، هەندێک کەس و یەک لەوان حەمەدۆک ناچاردەکا، ئەشقیا بێت و دەست بە چەتەیی بکا، هەندێک لە بەگ و ئاغاکان بکوژێت، بەهانای گوندنشینەکانەوە بچێت و بەرگرییان لێبکا.

لەم کۆمەڵگایە، کەسانی قارەمان و تێکۆشەرانی بەشداربووی هەردووک شەڕی سەربەخۆیی دژ بە یۆنان و فەرەنسا، پشتگوێخراون، لە گوندەکان دەژین و ڕووت و برسین، لەکاتێدا، ئاغا جاش و خۆفرۆشەکانی بەرەی دوژمنی سەردەمی شەڕی سەربەخۆیی، حوکمی ئەو ناوە دەکەن و لافی وڵاتپارێزی لێدەدەن و دەستەڵاتی موتڵەقیان بەسەر هەرێم و گوندنشییەنەکان هەیە.

لەم رۆمانە حەمەدۆک، نەیدەویست ببێتئە چەتە، بەڵام ئاشقی خەجیج دەبێت و عەبدیخان بەزۆر دەیەوێ، خەجیج لە خوارزا کەچەڵەکەی مارە بکا، کەسیش ناتوانی قسەی ئاغای گوند پووچ بکاتەوە بۆیە حەمەدۆک ناچار خەجیج هەڵدەگرێت، عەبدیخان دەیاندۆزێتەوە، حەمەدۆک بۆبەرگریکرن لەخۆی، بە دەمانچەکەی عەبدیخان دەکوژێت، دەبێتە چەتە و ناتوانی زیاتر لە گوند بمینێتەوە و لەماوەیەکی کورت ناو و ناوبانگی حەمەدۆک و کوشتنی عەبدیخان بەم ناوە بڵاودەکرێتەوە و جوتیارەکان هەست دەکەن، پشتوپەنایان بۆ پەیدابوو. حەمەدۆک بەردەوام بەرگری لە هەژاران دەکات و زۆرداران دەکوژێت و قەیسەری، لە ئاغا و دەرەبەگ دەکا بە کونە مشک، پارەیان لێدەستێنێت و بەسەر هەژاران دابەشی دەکا... بەمجۆرە، حەمەدۆک دەبێتە قەڵایەکی بەهێزی هەژاران و تەواوی گوندنشینەکانی لەپشتیەوەن و بە دڵ و بە گیان بەرگری لێدەکەن، خزمەتی دەکەن و لە جەندرمە و جاشان دەیپارێزن و دەیشارنەوە. ئەو  گوندنشینانەی حەمەدۆک بە خزموکەسی خۆیان دادەنێن، خەڵکی سادە و ئیشکەرن، میواندۆست و خوداناسن، دڵپاک و بێگەردن.

هەردووک وەرگێرانی کوردی، وشە و دەستەواژەی جوان و تەڕیان لە کاتی وەرگێڕان بەکار هێنایە، لەم کارەیان سەرکەوتوبووین، بەڵام دەبی وەرگێران لە زمانی یەکەمەوە ئەنجام بدرێت، بۆئەوەی هەق بە نووسەر و بەرهەم بدرێ.

لە خوێندنەوەی هەرچوار بەرگ، هەست بە پەلەکردنێک دەکرێ، هەست بە بۆشایێک دەکرێ و زۆر ڕستە و داڕشتنی نامۆ بەرچاوی خوێنەری کورد دەکەون، لەخوارە چەند نموونەیەکی کەمی بەرگی سێ و چوار وەک خۆی دەنووسمەوە.

(بەرگی سێ):

- چەند ڕۆژان مل بە ملەم لەگەڵ خۆم کردوەو پاشان شەیتانم بە نەحلەت کردوەو لەجێی خۆم دانیشتووم. ئێستا ئیدی ئاسوودەم. ل. 365

- چاکەتی سورمەیی و پانتۆڵی گالیفەیان لەبەردا بوون چەکمەی بریقەداریان لە پێ دا بوون. ل. 476

- یەکێکیان لەوانی دیکە کەڵەگەت تر بوو. "وان یکاد" یەکی چووکەڵەی ێی لە گیرفانی دەرهێنا و بۆ کچکۆڵەکەی راداشت و گوتی: (ها ئەمە دیاریی تۆیە). ل. 477

- ئەتۆ بۆ وات لێ هاتوە کوڕم؟ یەک تەختە بوویە قوڕ. ئەم باڵندەیە وەمن دە بچۆ حەزەخانە خۆت خاوێن بکەوە. ل. 485.

- بە دیتنی کانییەکە تینووی بوو. وەبیری هاتەوە کە برسیەتی. دمی بە کانی یەکەوە نا لەو ئاوە فێنکە خواردیەوە. ل. 512.

- دادگایەکی دادپەروەر دەبوو زۆر لەمەوبەر بە بێ گوناهیان بناسێ، چونکە هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر نەبوو. ل. 566

(بەرگی چوار):

-  سەیرە وەکیل باشی! ئەمن پێموابوو حەمەدی ناخۆش دەوێ. ل. 541

- تاوێکی باش هەر وا هات و چوو و پاشان چوو لە سەر مۆبڵە تاکە تایبەتی یەکەی خۆی دانیشت و گوتی: ل. 545

- هێندەی پێ ناچێ ئەو جووتێرانە لەو حەسارەی ڕیز دەبن و یەکە یەکە دێن بەری پێم ماچ دەکەن... ل. 554

- بە سەر هەموو ئاناتۆلیم داداوە و هەموو دەشت و شاخی ئەو هەرێمەم وە لەرزین خستوە. ل. 591

بێگومان، ئەو تێبینییانەی سەرەوە و زۆری دیکەش، لە ماندووبوونی هەردووک وەرگێڕانی بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حسەن زادە و عوسمان ئیسماعیلی کەمناکەنەوە، با هەر ناوی ناوچە و شارەکان لە زۆربەی شوێنەکانی ئەم ڕۆمانە: قوونیا (کۆنیا)، لە عورفایە (ئورفا)، ئەلیپۆ (حەلەب)، ئانتیپێ (عەنتاب)، ئاناتۆل (ئەناتۆل)...هتد بەهەڵە وەرگێڕدرابن.

یەشار کەمال ناسراوە بەوەی، نووسەرێکی چەپ و چالاکوانێکی مەدەنی کاریگەربووە و لەسەر تێڕوانین و بۆچوون و لێدوان و نووسینەکانی دوو جار حوکمی زیندانی بۆبڕاوەتەوە، دیارە زیندان نەیڕوخاندووە و لە خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی ساردی نەکردۆتەوە.