حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یاندا له خورماتوو گروپی ئاڵا سپییه‌كانیان نه‌دۆزییه‌وه
K24- هه‌ولێر:
دوو رۆژە ھێزەکانی حەشدی شەعبی وسوپای عیراق لەچەند قۆڵیکەوە ئۆپراسیۆنێكیان بۆسەر چیای غەرە و ناوچەی پەلکانە لە نێوان کفری و خورماتوو دەست پێکردووە. وتەبێژی ھێزی بەرپەرچدانەوەی خێرای سوپای عیراقیش سەرکەوتنی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ی ڕاگەیاند و دەڵێت: هێزه‌كانیان توانیویانە 5 بیری نەوت کۆنتڕۆڵ بکەن.
فەرماندەیەکی ھیزەکانی پێشمەرگەش جه‌خت ده‌كاته‌وه: بەگوێره‌ی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق، کە بە چاودێری ھێزی ھاوپەیمانان بووە، پێویسته ئەو ھێزانە دوای تەواو بونی ئۆپراسیۆنه‌كه‌یان ناوچەکە چۆڵ بکەن، ئەگەرنا ھەڵوێستی دیکەمان دەبێت.
بەشێکی ناوچەکانی گەرمیان ھاوسنورن لەگەڵ ئەو ناوچانەی ماوەیەکە بووه‌تە پەناگەی پاشماوەکانی داعش، ئەمەش وایکردبوو دانشتوانی ئەو ناوچانە لەترس و دڵەراوکیدابن، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گەرمیان دڵنیایی کۆتایی ھاتنی پاشماوەکانی داعش وپاراستنی سەرماڵی ھاوڵاتیان ده‌دات.
بەگوێره‌ی زانیارییەکانی کوردستان٢٤، لەماوەی دوو ڕۆژی ئۆپه‌راسۆینی چەكدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لەدەوروبەری خورماتوو، ھیچ ڕووبەڕوو بوونەوەیەک لەنیوان ئەو ھێزانە و چەکدارانی داعش ڕووی نەداوە و کەسیش دەستگیر نەکراوە. لەزۆربەی ئەو ناوچانەش كه ئۆپراسیۆنی لێ ئەنجامدراوە، ھێزەكانی عێراق پاشەکشەیان کردووە، ته‌نیا چیای غه‌ڕه نه‌بێت، کە چەند بیرەنەوتێکی لێیه و ئەو ناوچەیەش سەر بەھەرێمی کوردستانە.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆش، سایتی عه‌ره‌بی جه‌دید له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه بڵاویكرده‌وه، له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا هێزه عێراقییه‌كان هیچ باره‌گایه‌ك و شوێنه‌وارێكی ئه‌و گروپه‌یان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه كه پێیان ده‌ڵێن "ئاڵا سپییه‌كان" و، هیچ شتێكی گوماناوی، چه‌ك و درووشمێكیشیان ده‌ستنه‌كه‌وتووه، كه راستی بوونی ئه‌و گروپه پشتڕاست بكاته‌وه.
وێڕای ئه‌مه‌ش، تائێستا هیچ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمی عێراقی نه‌یتوانیوه بوونی ئه‌و گروپه چه‌كدارییه به‌ڕاستی بسه‌لمێنێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نیا له چوارچێوه‌ی لێدوانه‌كانی په‌رله‌مانتاران و سه‌ركرده‌كانی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبیدا بووه. به‌شێك له چاودێرانیش جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، ئاڵا سپییه‌كان گروپێكی وه‌همییه و، هیچ بوونێكیان نییه، ئه‌وانه‌ی باسیش له بوونی ئه‌و گروپه ده‌كه‌ن، ته‌نیا مه‌به‌ستیان بازاڕكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه و هیچیتر.