یەپەگە: كوردستان24 دەنگی راستی عەفرین دەگەیەنێتە جیھان.

" 32 گرووپی جیاجیای سەر بە توركیا بەشداری ئۆپەراسیۆنی سەر عەفرین دەكەن"
kurdistan24.net

K24 - عەفرین

لە ھەڤپەیڤینێكی تایبەتی كوردستان24، بروسك حەسەكێ، گوتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە عەفرین رایگەیاند: "كوردستان24 دەنگی راستی عەفرین دەگەیەنێتە جیھان، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، 32 گرووپی جیاجیای سەر بە توركیا بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی سوپای ئەو وڵاتە بۆسەر عەفرین دەكەن".

بروسك حەسەكێ، لەبارەی ھێرشی توركیا بۆسەر عەفرین رایگەیاند: "توركیا چاوەڕێی نەدەكرد یەوپەگە بەمشێوەیە بەرگری دەكات، بەڵكو پێیوابوو لە ماوەی ھەفتەیەكدا تەواوی عەفرین كۆنترۆڵ بكات، 32 گرووپی جیاجیای سەر بە توركیا بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆسەر عەفرین دەكەن و تا ئێستا نزیكەی 15 گوندی سنووری عەفرین كەوتوونەتە دەست سوپای توركیا".

راشیگەیاند: "سوپای توركیا بە ئەنقەست گوندەكانی ئێزدی و عەلەوییەكان بۆردوومان دەكات".

گوتەبێژی یەپەگە ئاماژەی بەوەشدا: "بەرامبەر ئیدلب، عەفرین كرایە قوربانی، رووسیا گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا ھەڵكرد".

لەو ھەڤپەیڤینە تایبەتەی كوردستان24دا، لەبارەی مەترسی تەقینەوەی بەنداوی عەفرین، بروسك حەسەكێ گوتی: "ئەگەر بەنداوی عەفرین بتەقێتەوە، تەواوی شارەكە دەكەوێتە ژێرئاو".