یانه‌ی زاخۆ خراپترین شكستی له‌م وه‌رزه تۆمار كرد
له گه‌ڕی پازده‌یه‌می خولی نایابی عێراق، یانه‌ی زاخۆ بووه میوانی یانه‌ی جه‌وییه و یارییه‌كه‌ی به 5 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك دۆڕاند، به‌مه‌ش زاخۆ تووشی هه‌شته‌مین شكست بوو.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه، یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه له یاریگه‌ی شه‌عبی نێوده‌وڵه‌تی له به‌غدا میوانداری زاخۆی ده‌لالی كرد، له خوله‌كی 16 ئه‌مجه‌د رازی ده‌ستپێشخه‌ری له‌گۆڵكردن كرد و یانه‌ی جه‌وییه‌ی به گۆڵێك پێشخست، دواتر له خوله‌كانی 20 و 23 حه‌مادی ئه‌حمه‌د و ئه‌مجه‌د رازی دوو گۆڵی دیكه‌یان له‌سه‌ریه‌ك تۆمار كرد.
دوای تێپه‌ڕبوونی 2 خوله‌ك، ستار یاسین تاكه گۆڵه‌كه‌ی زاخۆی كرد.
له گێمی دووه‌م، یانه‌ی جه‌وییه زامه‌كانی زاخۆیان قوڵتر كرده‌وه و دوو گۆڵی دیكه‌یان له رێگه‌ی سانین موڤیتشی كرواتی و هیشام تاریق تۆمار كرد.
یانه‌ی زاخۆ له 15 یاری، 8 شكست و 5 یه‌كسانبوون و 2 سه‌ركه‌وتنی هه‌یه، به كۆكردنه‌وه‌ی 11 خاڵ له پله‌كانی دواوه دێت و مه‌ترسی دابه‌زینی له خوله‌كه له‌سه‌ره.