سهرۆك بارزانی: گهلی كورد به شێوەیەکی ئاشتیخوازانە داوای مافی ڕەوای خۆی کردووە
K24 - ههولێر:
سهرۆك بارزانی له پهیامێكدا، به بۆنهی 65همین ساڵیادی دامهزراندنی یهكێتی قوتابیانی كوردستان و یهكێتی لاوانی كوردستان، رایدهگهیهنێت، گەلەکەمان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان خۆڕاگرانە قوربانیان داوە، لەبەرانبەر دیکتاتۆریدا وەستاونەتەوە و تیرۆر و ھزری توندڕۆییشیان تێکشکاندووە، ھەروەھا بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە داوای مافی ڕەوای خۆیان کردووە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بە ناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
بە بۆنەی یادی 65 ساڵەی دامەزراندنی ھەر دوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی کوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ھەردوو سکرتاریەتی قوتابیان و لاوان و ھەموو قوتابی و لاوانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
قوتابیان و لاوانی کوردستان لە ھەموو قۆناغێکی خەباتی گەلەکەماندا ئەرک و جێدەستیان دیار بووە، شوێنی پێگەیاندن و پەروەردەی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و چاونەترسی بوونە و لەو ڕێگەیەدا قوربانیان داوە، ئێستاش کە گەلەکەمان لە قۆناغی بەرخودان و چەسپاندنی مافەکان و تێپەڕاندنی کۆسپ و تەحەدیاتەکاندایە، ئەرکی قوتابی و لاوان لە ھەموو کاتێک ھەستیارتر و قورسترە.
پێویستە قوتابیان و لاوان، لە جاران زیاتر شوێنکەوتووی بەھا بەرزەکانی خەبات و کوردایەتی بن و لە ھەڕەشە و تەحەدییاتەکان نائومێد نەبن، گەلەکەمان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان خۆڕاگرانە قوربانیان داوە، لەبەرانبەر دیکتاتۆریدا وەستاونەتەوە و تیرۆر و ھزری توندڕۆییشیان تێکشکاندووە، ھەروەھا بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە داوای مافی ڕەوای خۆیان کردووە و لە ھەموو قۆناغەکاندا بە ئیرادەیەکی بەھێز و پۆڵایین بەردەوام بوونە.
ئەمە کارنامەی پڕ لە شانازی و درەوشاوەی گەلی کوردستانە لە خەباتی ڕەوای خۆیدا کە پێویستە قوتابیان و لاوانی خۆشەویست بە ئیرادەیەکی بەرز درێژەپێدەری بن و دەوڵەمەندی بکەن.
جارێکی تر پیرۆزبایی ئەو بۆنەیەتان لێ دەکەم و ھیوای خۆشی و سەرفیرازیتان بۆ دەخوازم.
مەسعود بارزانی
17/2/2018