په‌رله‌مانتارێك: ئومێد دەکرێت بەدەرکردنی یاساکە مووچە به‌بێ پاشەکەوت دابەش بکرێت

سبه‌ی 6 لێژنه‌ی په‌رله‌مان بۆ یاسای نه‌هێشتنی مووچه‌ و خانه‌نشینی نایاسایی كۆده‌بنه‌وه‌
kurdistan24.net

K24 – سلێمانی:

بۆ نووسینی دوایين راپۆرتی ھاوبەش سبەینێ 6 لیژنەی پەرلەمانی کوردستان لە بارەی نەھێشتنی مووچە و خانەنشینی نایاساییەوە کۆدەبنەوە.

باس لەوەش دەکەن مانگانە 100 ملیار دیناری بەھەدەردراوی دارایی گشتی ھەرێمی کوردستان دەگەرێتەوە و ئومێد دەکرێت بەدەرکردنی یاساکە مووچەی مووچە خۆران بێ پاشەکەوت دابەش بکرێت.

6 لیژنەی پەرلەمانی کوردستان کە بریتین لە لیژنەکانی دارایی, پێشمەرگە, ناوخۆ, یاسایی, دەستپاکی و کاروباری ناوخۆ، بۆ ئەوەی دوایين راپۆرتی خۆیان لە بارەی پاکێجی چاکسازی مووچەی و خانەنشینی نا یاسایی بنووسن, کۆدەبنەوە.

ئەوان 18 کەسن و داوا دەکەن ھەر نایاساییەک لە ناو حزبەکانی خۆشیان ھەیە کۆتایی پێبێت، ئەندامێکی لیژنەکەش پێیوایە, حکوومەت دەیتوانی بە دەرکردنی بریار ئەم کارەی بکردایە.

رۆژی یه‌كشەممە, دوای تەواوکردنی راپۆرتی ھاوبەشی لیژنەکان, کە نزیکەی ٤ ساڵە کاری تێدا دەکرێت، پرۆژە یاساکە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێت، بۆ دیاریکردنی رۆژێک بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، داواش دەکرێت بە گەڕاندنەوەی مووچە نایاساییەکان سیستمی پاشەکەوتی مووچە کۆتایی پێبێت و ھەڵبوەشێتەوە.

ئەوەی لێرە گرنگە گەڕاندنەوەی 100 ملیار دینار داھاتی مانگانەیە بۆ دارایی گشتی ھەرێمی کوردستان کە لە ماوەی ڕابردوو بەھەدەر دراوە، حکوومەتیش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە یاساکە لە پەرلەمان وەربگرێت و بەڵێنی چاکسازی بە یاسا جێبەجێبکات.

ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە پاشەکەوتەوە پێویستی بە 480 ملیار دینارە بۆ پێدانی مووچە، بۆ ئەوەی پاشەکەوتی مووچەش لاببرێت بێ پاشەکەوت مووچە بدات پێویستە 637 ملیار دیناری لەبەر دەست بێت.