پەرلەمان چاكسازی تاوتوێ دەكات

گفتوگۆ لەبارەی مووچە و خانەنشینی نا یاسایی دەكرێت

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و پرۆژەیاسای چاكسازی خانەنشینی تاوتوێ دەكات و راپۆرتێكیش لەبارەی دۆخی عەفرین دەخوێندرێتەوە.

بە گوێرەی ئەو بانگێشتنامەیەی بۆ پەرلەمانتاران نێردراوە، ئەمرۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە، تێیدا پرۆژە یاسای چاكسازی خانەنشینی و میلاكات تاوتوێ دەكرێت، ھەروەھا خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای نەھێتشنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ دەكرێت.

بڕیاریشە ھەر لەو كۆبوونەوەی پەرلەمان، راپۆرتی لیژنەی پەرلەمان لەبارەی بارودۆخی عەفرین بخوێندرێتەوە. ھەروەھا خوێندنەوە بۆ چەند پرۆژە یاسایەكی دیكە دەكرێت.

بەپێی نووسراوێك كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە، بۆ تاوتوێكردنی پرسی چاكسازی، پەرلەمانی كوردستان بۆ كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بانگێشتی سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستانی كردووە. وەك لە نووسراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەكانی دیكە دەكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر شەش لیژنەی پەرلەمانی کوردستان کە بریتین لە لیژنەکانی دارایی، پێشمەرگە، ناوخۆ، یاسایی، دەستپاکی و کاروباری ناوخۆ، راپۆرتی خۆیان لەبارەی پاکێجی چاکسازی مووچە و خانەنشینی نایاسایی داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان.

H.M

بانگێشت نامەی پەرلەمانی كوردستان بۆ سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران
بانگێشت نامەی پەرلەمانی كوردستان بۆ سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران