دادگایی كردنی ساڵح موسلیم دەست پێدەكات

ژمارەیەك ھاووڵاتی كورد لەبەردەم دادگاكە خۆپێشاندان دەكەن
kurdistan24.net

K24 - براگ

پەیامنێری كوردستان24 لە شاری پراگی پایتەختی چیك رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە كە لە چیك دەستگیركراوە، گەیشتە بەردەم دادگا و كەمێكی دیكە دانیشتنی دادگا بۆ دادگاییكردنی موسلیم دەست پێدەكات".

راشگەیاند: "وەك دەربڕینی ناڕەزای ژمارەیەك لە لایەنگرانی پەیەدە بە بەرزكردنەوەی ئاڵای پەیەدە و یەپەگە و وێنەی ساڵح موسلیم لەبەردەم داواكاری گشتی پراگ گردبوونەتەوە و دژی دەستگیركردنی ھاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە درووشم دەڵێنەوە".

پەیامنێرمان گوتیشی: "ژمارەیەكی زۆر لە میدیاكانی چیك رووماڵی گردبوونەوەی بەردەم ئەو دادگایە دەكەن، كە دانیشتنی دادگایی كردنی ساڵح موسلیمی تێدا بەڕێوەدەچێت".

لایەنگرێكی پەیەدە كە لەبەردەم داگا بۆ كوردستان24 دوا ئەو گوتی: "پارێزەرانی ساڵح موسلیم، لە دانیشتنی دادگا ئامادە دەبن، بەڵام دەوڵەتی توركیا پارەی زۆریانداوە بۆ ئەوەی رادەستی ئەوان بكرێتەوە".

لە25 شوباتی 2018 دەستگیركردنی ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكی پێشووی پارتی یه‌كێتی دیموكرات (په‌یه‌ده‌)، له‌ شاری پراگی پایتەختی كۆماری چیك راگەیەندرا. میدیاكانی پەیەدەش ئاشكرایان كرد ساڵح موسلیم، بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسێك چووەتە چیك و دەستگیركردنی لەلایەن پۆلیسی چیك لەسەر داوای توركیا بووە.

له‌ تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2016 یادداشتی ده‌ستگیركردنی بۆ ساڵح موسلیم و 47 به‌رپرسی دیكه‌ی دیاری په‌یه‌ده‌، ده‌ركردووه‌. دوای دەستگیركردنیشی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا داوای لە چیك كرد ساڵح موسلیم رادەستی توركیا بكات.

H.M