بە بڕیاری سەربازی مامەڵە بە نه‌وتی كەركووكەوە دەكرێت

گرێبەستەكانی حكوومەتی عێراق نادەستوورین
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

لە 16 ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، مەلەفی نەوتی كه‌ركووك لە ژێر حوکمی سەربازیدایە و ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگا ھیچ زانیارییه‌كیان لەسه‌ر ھەناردەکردنی نەوت و داھاتەکەی نییە و بەبێ ھەماھەنگی لەگەڵ ئەوان چەندین گرێبەست ئیمزاکراون، پەرلەمانتارێکی کوردیش لەدژی ئەو ھەنگاوە نادەستوورییانەی حکوومەتی عێراق، ھەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا دەکات.

حووکمی سەربازی لە کەرکووك، مەلەفی نەوتیشی بەرەو چارەنووسێکی نادیار بردووە، ئێستا جگە لە خەڵکە رەسەنەکەی زۆرکەس خاوەندارێتی نەوتی شارەكە دەکات.

سەبارەت بەو پرسە ھاووڵاتییەكی كەركووك بەناوی ئەحمەد سیروان، بە كوردستان24 گوت: "نازانین داھاتی نەوتی كەركووك كێ دەیبات و بۆ كوێ دەبرێت، خێروبێری بۆ خەڵكی دیكەیە و نەھامەتیشی بۆ خەڵكی كەركووكە، ئەگەر شارەكەمان نەوتی نەبوایە رەنگە ژیانمان زۆر خۆشتربووایە".

لە پاش 16 ئۆکتۆبەرەوە، حکوومەتی عێراق بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەن و ئیدارەی شارەکە چەند گرێبەست نەوتی  لەگەڵ ئێران و تورکیا و کۆمپانیای بی پی بەریتانی واژوو كردووە. بە بڕوای سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزەیە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك، ئەمەی كراوە پێشێلکردنی دەستووری عێراقە.

ئەحمەد عەسکەری، سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزەیە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك بە كوردستان24 راگەیاند: "جگە لەوەی لەو ماوەیە حكوومەتی عێراق زیانی بە نەوتی كەركووك گەیاندووە، گرێبەستەكانیشی كە كردووەیەتی نادەستوورین، بۆ نموونە ئەو گرێبەستەی حكوومەتی عێراق لەگەڵ كۆمپانیای بی پی بەریتانی واژووی كردووە نادەستوورییە، چونكە بەھیچ شێوەیەك ئەنجوومەنی پارێزگا و ئیدارەی كەركووك ئاگاداری ئەو گرێبەستە نین، ھەروەھا گرێبەستێكی دیكەی كردووە، بۆ ئەوەی نەوتی كەركووك لەرێگەی بۆرییەوە ھەناردەی ئێران بكرێت، ئەمەشیان بە ھەمانشێوە نادەستوورییەوە و بێ ئاگاداری ئیدارەی كەركووك كراوە".

ھەر سەبارەت بەو پرسە محەمەد عوسمان، پەرلەمابتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت: "بەداخەوە كەسمان ئاگاداری ئەو گرێبەستانە نین كە حكوومەتی عێراق واژووی كردووە، بەئارەزووی خۆیان مامەڵە بە نەوتی كەركووك دەكەن، بۆیە پێویستە لە دادگا سكاڵا دژی ئەو ھەنگاوانەی حكوومەتی عێراق تۆمار بكرێت".

بە پێی زانییارییەکانی كوردستان24، جگە لەو گرێبەستانەی ئیمزاکراون، رۆژانە لە رێگەی تانکەرەوە بڕێکی زۆری نەوت رەوانەی ئێران دەکرێت.

داڕشتنەوە: H.M