"مسته‌فا بارزانى يه‌كه‌م سه‌ركرده بوو خه‌باتى كوردى له بازنه‌ى ناوچه‌يیبوونه‌وه كرده خه‌باتێكی نیشتمانی"
K24 - هه‌ولێر:
له سه‌رچاوه مێژووييه‌كاندا ئاماژه به‌وه‌كراوه، جووڵانه‌وه‌ى رزگاريخوازى كورد و كوردستان هێنده‌ى به ناوى مسته‌فا بارزانى و شۆڕشه‌كه‌ى ده‌ناسرێته‌وه، نيو هێنده به مێژووى كۆى جوڵانه‌وه‌كه ناناسرێته‌وه، هه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، ئه‌وانه‌ی له نزیكه‌وه بارزانی‌یان ناسیووه یان به په‌یام و رێبازه‌كه‌ی ئاشنا بوون، هه‌ر وه‌ك سه‌ره‌تا چاوه‌ڕوانن ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجی بووه‌و بۆی تێكۆشاوه له كوردستان بهێنرێنه دی وجێبه‌جێ بكرێن. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌يه‌كى روونه بۆ گرنگى رۆڵ و پێگه‌ى ئه‌و سه‌ركرده مه‌زنه‌ى هه‌موو ژيانى له پێناو نيشتيمانه‌كه‌ى به‌خشى و له مێژووى كۆن و نوێى كورددا گه‌وره‌ترين گوڕى به خه‌بات و تێكۆشانى كورد دا و دۆزى كوردى له ياخيبوونى ناوچه‌يى و خنكانى له بۆته‌ى گونده‌كانه‌وه گواسته‌وه شار و له‌وێشه‌وه گه‌ياندييه ناوه‌ند و پايته‌خته گه‌وره‌كانى ناوچه‌كه و جيهان.
به گوێره‌ى لێكدانه‌وه‌ى مێژوونووسانى كورد و سه‌رچاوه مێژووييه ناوخۆيى و بيانييه‌كان، مسته‌فا بارزانى يه‌كه‌م سه‌ركرده‌ى هه‌ڵكه‌وتووى كورد بووه، خه‌باتى كوردى له بازنه‌ى ناوچه‌يیبوونه‌وه كرده خه‌باتى نيشتيمانى و له داخوازى مافى سه‌ره‌تايى و مافى مرۆيى و كلتوورييه‌وه، داواكارييه‌كانى كوردى به‌رز كرده‌وه بۆ ئاستى داواكارى سياسى و جوڵانه‌وه‌ى رزگاريخوازى كوردى له نه‌بوونى به‌رنامه‌يه‌كى سياسى رزگار كرد و به دامه‌زراندنى پارتى ديموكراتى كوردستان له 16 ئابى 1946دا داخوازييه نه‌ته‌وايه‌تييه‌كانى كوردى له چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى حزبێكى سياسى رێكخراودا رێكخست.
مسته‌فا بارزانی رێبه‌ری بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان
به‌شێك له وێستگه‌كانى ژيانى مسته‌فا بارزانى:
* مسته‌فا بارزانى كوڕى شێخ محه‌ممه‌د بارزانيه و له گوندى بارزان له 14ى ئازارى 1903 له‌دايكبووه.
* له ته‌مه‌نى 3 ساڵيدا له لايه‌ن عوسمانييه‌كانه‌وه له دواى نسكۆى شۆڕشى بارزان، شێخ عه‌بدولسه‌لامى براى گه‌وره‌ى ده‌ستگيركرا و مسته‌فا بارزانى و دايكيشى له مووسڵ خرانه زيندانه‌وه.
* ماوه‌ى شه‌ش ساڵ له لاى چه‌ند مامۆستايه‌ك له گوندى بارزان سه‌رقاڵى خوێندن بووه و دواتر روويكردووه‌ته خوێندنى فيقهى ئيسلامى و ماوه‌ى چوار ساڵ زانسته ئاينييه‌كانى خوێندووه و دواتريش له ماوه‌ى دووخرانه‌وه‌ى بۆ سلێمانى هه‌وڵى ته‌واوكردنى خوێندنى داوه.
وێستگه‌كانى تێكۆشان و خه‌باتى:
* مسته‌فا بارزانى له 1919 به‌شداريكردووه له جوڵانه‌وه‌ى شێخ مه‌حموودى حه‌فيد له سلێمانى و سه‌رپه‌رشتى تيپێكى چه‌كدارى كردووه كه ژماره‌يان 300 چه‌كدار بووه.
* له 1920دا شێح ئه‌حمه‌دى بارزان، برا گه‌وره‌ى، وه‌ك نوێنه‌ر ره‌وانه‌ى باكوورى كوردستانى ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى شێخ سه‌عيدى پيران بكات و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌كه‌ى درووست بكات.
* له نێوان ساڵانى 1931 – 1932 سه‌رپه‌رشتى هێزێكى بارزانييه‌كان ده‌كات بۆ به‌رگريكردن له ميحوه‌رى مێرگه‌سۆر – شێروان له به‌رامبه‌ر هێزى داى ئينگليزه‌كان و له‌و شه‌ڕه‌دا به هۆى چاپووكى و كارزانييه‌وه ناوبانگێكى زۆرى به‌ده‌ستهێنا و توانى ميحوه‌ره‌كه‌ى بپارێزێت.
* له 1934دا له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌دى بارزانى و هه‌ندێك له پياوه‌كانيان روويان كرده توركيا بۆ ئه‌وه‌ى داواى مافى په‌نابه‌رێتى بكه‌ن و دواتر به هۆى وتوێژه‌وه گه‌ڕانه‌وه عێراق و له لايه‌ن ئينگليزه‌كان و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و كاته‌ى عێراقه‌وه بۆ باشوورى عێراق دوورخرانه‌وه. دواتر گه‌ڕێندرانه‌وه سلێمانى و ماوه‌ى 10 ساڵ به دوورخراوه‌يى ژيانيان به‌سه‌ر برد.
* له 12ى ته‌مموز/ يۆليۆى 1943دا به هاوكارى رێكخراوى هيوا توانى له سلێمانى خۆی ده‌ربازبكات و بچێته رۆژهه‌ڵاتى كوردستان.
* له هه‌مان ساڵى 1943 دا له ئێرانه‌وه گه‌ڕايه‌وه ناوچه‌ى بارزان و ژماره‌يه‌ك گه‌نج له‌ده‌ورى كۆبوونه‌وه و له ماوه‌ى دوو مانگدا 2000 چه‌كدارى خۆبه‌خش ئاماده‌ييان بۆ جێبه‌جێكردنى فه‌رمانه‌كانى ده‌ربڕى و توانيان ده‌ستبگرن به‌سه‌ر زۆرينه‌ى بنكه‌كانى پۆليسى ناوچه‌كه‌دا.
* له پايزى 1943دا حكومه‌تى به‌غدا شاندێكى ره‌وانه‌ى بارزان كرد بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بارزانى وتوێژ بكه‌ن و شه‌ڕ بوه‌ستێت و مسته‌فا بارزانيش مه‌رجى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، كه ده‌بێت سه‌رجه‌م دوورخراوه‌كان و شێخ ئه‌حمه‌دى بارزان بگه‌ڕێنه‌وه و دانووستان كۆتايى هات و حكومه‌تى نورى سه‌عيد هه‌موو مه‌رجه‌كانى مسته‌فا بارزانى جێبه‌جێ كرد.
* له 1943 – 1945 شۆڕشى بارزانى له دژى حكومه‌تى عێراق كه له لايه‌ن بريتانياوه پشتيوانى لێده‌كرا سه‌ريهه‌ڵدا و له‌و جاره‌دا شۆڕش ناوچه‌يه‌كى فراوانترى كوردستانى گرته‌وه.
* له 11ى ئايار/ مايۆى 1945دا بارزانى و پێشمه‌رگه‌كانى روويان كرده رۆژهه‌ڵاتى كوردستان.
* له 22ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 1946 بارزانى له مه‌راسيمى راگه‌ياندنى كۆمارى كوردستان له مهاباد به‌شدارى كرد و له لايه‌ن سه‌رۆك كۆمارى كوردستانه‌وه قازى محه‌ممه‌د، بارزانى كرايه فه‌رمانده‌ى سوپاى كۆمارى كوردستان و پله‌ى جه‌نه‌راڵى سه‌ربازى پێ به‌خشرا.
* له 16ى ئاب/ ئۆگستى 1946دا بارزانى پارتى ديموكراتى كوردستانى عێراقى دامه‌زراند و وه‌ك سه‌رۆكى پارته‌كه هه‌ڵبژێردرا و له سه‌رجه‌م كۆنگره‌كانى حزبدا كه هه‌ندێكيان ئاماده‌نه‌بوو، وه‌ك سه‌رۆكى پارتى هه‌ڵبژێردرايه‌وه.
* دواى نسكۆى كۆمارى كوردستان له 1947 رێڕۆيشتنى مێژوويى به‌ره‌و يه‌كێتى سۆڤيه‌تى جاران ئه‌نجامدا و بارزانى ئاماده نه‌بوو خۆى راده‌ستى ده‌سه‌ڵاتى شاهه‌نشايى ئێران بكات و به پێ خۆى و 500 چه‌كدارى روويان كرده يه‌كێتى سۆڤيه‌ت و له‌و رێڕۆيشتنه‌شدا رووبه‌ڕووى سوپاكانى عێراق و ئێران و توركيا بوونه‌وه.
*رۆژى 17ى حوزه‌يران/ يۆنيۆى 1947 بارزانى و ياوه‌ره‌كانى له رووبار‌ى ئاراس په‌ڕينه‌وه و گه‌يشتنه يه‌كێتى سۆڤيه‌ت.
* له يه‌كێتى سۆڤيه‌تدا كه ستالين سه‌رۆكى يه‌كێتييه‌كه بوو، مامه‌ڵه‌يه‌كى توند له‌گه‌ڵ بارزانى و ياوه‌رانى ده‌كرا و تا دواى مردنى ستالين له 1953 هه‌ندێك ره‌وشى ژيانيان باش بوو.
له رووسيا، سه‌ره‌ڕى تێپه‌ڕينى 45 ساڵ له ته‌مه‌نى بارزانى له ئه‌كاديمياى زمانه‌كان له مۆسكۆ ده‌ستيكرد به خوێندنى ئابوورى و جوگرافيا و زانست و زمانى رووسى.
* له دواى شۆرشى چوارده‌ى ته‌مموزى 1958 بارزانى و ياوه‌ره‌كانى گه‌ڕانه‌وه عێراق و له به‌سره‌وه تا هه‌ولێر جه‌ماوه‌ر پێشوازى لێ‌كردن.
* عه‌بدولكه‌ريم قاسم، سه‌رۆك كۆمارى عێراق له 7ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 1958 پێشوازى له بارزانى و ياوه‌رانى كرد.
* له 11ى ئه‌يلوولى 1961 تا 1975 بارزانى رابه‌رايه‌تى گه‌وره‌ترين شۆرشى چه‌كدارى له دژى ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا كرد و شۆڕشه‌كه‌ى 15 ساڵى خاياند و تێيدا چه‌ندين ده‌ستكه‌وتى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتيمانى بۆ خه‌ڵكى كوردستان به‌ده‌ستهێنا.
* له 11ى ئازارى 1970 بارزانى و حكومه‌تى عێراق له‌سه‌ر پڕۆژه‌ى ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان رێككه‌وتن و ئه‌وه يه‌كه‌مجار بوو له مێژووى كوردستاندا شۆڕشێكى كورديى به 9 ساڵ خه‌بات بتوانێت ئه‌و ده‌ستكه‌وته بۆ كورد به‌ده‌ستبهێنێت.
* له 6ى ئازارى 1975 به هۆى رێككه‌وتنى سه‌دام حوسێن و محه‌ممه‌د ره‌زا شاى ئێران له جه‌زائير شۆڕشى ئه‌يلوول تووشى نسكۆ بوو و به‌و هۆيه‌وه بارزانى و هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ى شۆڕشه‌كه رێگه‌ى ئاواره‌ييان هه‌ڵبژارد.
* له دواى نسكۆى 1975 جارێكى ديكه بارزانى چاودێرى و سه‌رپه‌رشتى دانانه‌وه‌ى به‌ردى بناغه‌ى شۆڕشى كرد.
له 1ى ئازار/ مارسى 1979 مسته‌فا بارزانى له ئه‌مريكا به هۆى نه‌خۆشييه‌وه كۆچى دواييكرد له 5/3/1979 له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له شاری ( شنۆ ) ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌سه‌ر سنووری باشووری کوردستان و باكووری کوردستان ئه‌سپه‌رده‌ی خاکی پیرۆزی کوردستان كرا.
*دواى راپه‌ڕينى ئازارى 1991، ته‌رمى مسته‌فا بارزانى و ئيدريس بارزانى كوڕى، له ئارامگه‌ى خۆيان له شنۆوه گواسترايه‌وه بۆ هه‌رێمى كوردستان و له شوێنى له‌دايكبوونى و له ناوچه‌ى بارزان به‌خاك سپێردرا.
* له ماوه‌ى ژيانيدا دوو جار مسته‌فا بارزانى له هه‌وڵى تيرۆركرانى به موعجیزه رزگارى بووه، يه‌كێكيان له 29ى ئه‌يلوولى 1971 و دووه‌ميشيان له 16ى ته‌مموزى 1972دا، به‌ڵام هه‌ردووجاره‌كه له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى كوردستان و پاراستنى ئاشتى و سه‌قامگيرى كوردستان و درووستنه‌بوونى شه‌ڕ رێككه‌وتنى ئازارى 1970ى له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌ڵنه‌وه‌شانده‌وه.