هێزه ميلليه‌كانى سووريا: له راجۆ هێليكۆپته‌رێكى توركيامان تێك‌شكاند
K24 – هه‌ولێر:
جێگرى فه‌رمانده‌ى هێزه ميللييه‌كانى سووريا له عه‌فرين، ئيبراهيم مه‌كته‌بى، رايگه‌ياند، هێزه‌كانيان له ئاسمانى شاره‌دێى راجۆى باكوورى عه‌فرين، هێليكۆپته‌رێكى سوپاى توركيايان تێكشكاندووه.
له لێدوانێكيدا بۆ ئاژانسى هه‌واڵده‌رى سپۆتينكى رووسى، دوێنێ پێنجشه‌ممه 1ى ئازار/ مارسى 2018، مه‌كته‌بى گوتى: "هێليكۆپته‌رێكى جۆرى كوبراى توركى كه يه‌كێك بووه له‌و سێ هێليكۆپته‌ره‌ى ناوچه‌كه‌ى بۆمبا‌باران ده‌كرد، تێكشكێنراوه".
گوتيشى: "هێليكۆپته‌ره‌كه به مووشه‌كى دژه فڕۆكه له ئاسمانى گوندى جالۆى سه‌ر به ناحيه‌ى راجۆ خراوه‌ته خواره‌وه".
روونيشيكرده‌وه، "هێليكۆپته‌ره‌كه له دوورى دوو كيلۆمه‌تر له سه‌نگه‌ره‌كانى ئه‌وان كه‌وتووه‌ته خواره‌وه، هه‌ر بۆيه هيچ زانيارييه‌كيان له باره‌ى چاره‌نووسى فڕۆكه‌وانه‌كانييه‌وه نييه".
سوپاى توركيا له 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018ه‌وه به پشتيوانى زياتر له 25 هه‌زار چه‌كدارى گرووپه ميليشياييه ئيسلامييه‌كان و سوپاى سوورياى ئازاد، هێرشى بۆ سه‌ر كانتۆنى عه‌فرين له رۆژئاواى كوردستان ده‌ستپێكردووه.
هێزه ميلليه‌كانى سووريا له كۆتايى مانگى رابردوودا، به مه‌به‌ستى پشتيوانيكردن له به‌رگرى هێزه كوردييه‌كان گه‌يشتنه عه‌فرين و شانبه‌شانى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه) و هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده) به‌ره‌نگارى هێرشه‌كانى توركيا ده‌بنه‌وه.
ئ.ر