نزیكه‌ی 9 ملیۆن عێراقی پێویستیان به هاوكارییه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 3/3/2018 ئۆفیسی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری مرۆیی له عێراق رایگه‌یاند: "ملیۆنان عێراقی پێویستیان به هاوكاریكردنه".
ئۆفیسی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری مرۆیی له عێراق له‌باره‌ی خراپی گوزه‌رانی به‌شێكی زۆری عیراقییه‌كان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، 8.7 ملیۆن عێراقی به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان پێویستیان به هاوكاریكردن و یارمه‌تیدانه".
هه‌ر چه‌نده له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه كه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ری به‌رده‌وامی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری له خێوه‌تگاكان و ئه‌و ناوچانه بده‌ن كه زۆرترین خه‌ڵكی هه‌ژار و لێقه‌وماوی تێدایه بكه‌ن، به‌ڵام ره‌وشه‌كه له‌وه خراپتره بتوانرێت وه‌ك پێویست به‌هانای هه‌موویانه‌وه بچن.
شه‌ڕی نزیكه‌ی 4 ساڵه‌ی داعش و گه‌نده‌ڵی له دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌ستوه‌ردانی بیانی و نه‌بوونی بریاری عێراقی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ده‌رهاویشته‌كانی جه‌نگ، ره‌وشی ئابووری عێراقی خراتر كردووه، جگه له‌وه‌ی دابه‌زینی نرخی نه‌وت كه یه‌كه‌م سه‌رچاوه‌ی داهاتی وڵاته دابه‌زیوه‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر بوودجه كردووه.
عێراق هێشتا له ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی وڵاته گه‌نده‌ڵه‌كانه و كململانێی تائیفی و شه‌ڕی گرووپه توندڕه‌وه‌كان و سۆزی ده‌سةڵاتداره‌كانی بۆ ،ڵاتانی دراوسێ، له‌مپه‌ری گه‌وره‌یان بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و بوژرانه‌وه درووستكردووه‌و به‌رده‌وام به‌غدا چاوی له ده‌ستی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بووه تا هاوكاری بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له دواین كۆنگره‌ی دووباره بونیاتنانه‌وه‌ی عیراق له كوه‌یت به‌رچاو كه‌وت.
به‌گوته‌ی به‌رپرسانی عێراقی، به‌تایبه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، به‌هۆی وێرانبوونی به‌شێكی زۆری ناوچه‌كانی باكوور و رۆژئاوای عێراق و شه‌ڕی داعش، به‌غدا پێویستی به نزیكه‌ی 100 ملیار دۆلاره تا ناوچه‌كان ئاوه‌دان بكاته‌وه‌و خه‌ڵكه ئاواره‌بووه‌كه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانی خۆیان.