پرۆژه یاسای بوودجه‌ی عێراق تێپه‌ڕێنرا
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 3/3/2018 ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پرۆژه یاسای بوودجه‌ی 2018ـی عێراقی تێپه‌ڕاند و هیچ داواكارییه‌كی كوردی له یاساكه‌دا جێگه نه‌كردووه‌ته‌وه.
مه‌سعوود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به كوردستان 24 راگه‌یاند: "په‌رله‌مانی عێراق هیچ داواكارییه‌كی كوردی له یاساكه‌دا جێبه‌جێ نه‌كردووه‌و ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه كورد بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی له عێراق بدات.
به‌هۆی ئه‌وه‌یشی په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراق گوێیان به داواكانی كورد نه‌دا، فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانیان بایكۆت كردبوو.
رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق 12 مادده‌ی پرۆژه یاساكه‌ی په‌سه‌ند كرد و ئه‌مڕۆش بۆ تێپه‌ڕاندنی یاساكه، كۆبووه‌وه و 48 مادده‌ی دیكه ده‌نگی له‌سه‌ر درا و 3 مادده‌یان لادران، به‌ڵام 18 مادده‌ی دیكه بۆ یاساكه زیادكرا.
به‌غدا له یاساكه‌دا مه‌رجیشی بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاریكردووه و پابه‌ندی كردووه به هه‌نارده‌كردنى 250 هه‌زار به‌رميل نه‌وت به شێوه‌ى رۆژانه.
به گوێره‌ى بڕياره‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ده‌بێت هه‌رێمى كوردستان، رۆژانه 250 هه‌زار به‌رميل نه‌وت له رێى كۆمپانياى نه‌وتى سۆمۆوه ره‌وانه‌ى بازاره‌كانى جيهان بكات و داهاته‌كه‌ى بگه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌نجينه‌ى ئيتيحادى.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه گوومانی ئه‌وه‌یش درووستبووه كه ئه‌گه‌ر كورد به‌و به‌شه‌ی له بوودجه بۆی دیاریكراوه قایل بێت، گه‌ره‌نتی چی هه‌یه كه به‌غدا پاره‌كه بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت كه له ساڵی 2014ـه‌وه به بڕیارێكی سیاسی راگیراوه؟.