ئاسیا عەبدوڵڵا: رووسیا رێگەی بە تورکیادا كۆمەڵكوژی لە عەفرین ئەنجامبدات

توركیا دەیەوێت خەڵكی عەفرین كۆمەڵكوژ بكات

K24 - ھەولێر

ئاسیا عەبدوڵڵا، ھاوسەرۆكی ته‌ڤگه‌ری جڤاتی دیموكراتیك (ته‌ڤده‌م) رایدەگەیەنێت، رووسیا رێگەی دایە تورکیا هێرش بکاتە سەر عەفرین و کۆمەڵکوژ ئەنجامبدات، دەشڵێت "ھیچ جیاوازیەك لەنێوان ئەردۆغان و داعش نییە.

ئاسیا عەبدوڵڵا، بە ئاژانسی فوراتی نزیك لە پەكەكەی گوتووە: "سوپای تورکیا بە هەموو هێزییەوە بە بەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێرش دەکاتە سەر عەفرین، بەرخۆدانێکی گەورە لە عەفرین لە ئارادایە، سوپای تورکیا دەیەوێت عەفرین داگیربکات و خەڵکەکەی کۆمەڵکوژ بکات، کاتێك وڵاتێکی دەرەکی بەو شێوەیە دەستێوەردانی وڵاتێکی دیکە دەکات، گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بە ئاسانی روو نادات".

دەشڵێت: "ئەم هێرشە دەرئەنجامێکی دانوستانەکانی ئاستانەیە، رووسیا رێگەی دایە تورکیا هێرش بکاتە سەر عەفرین و خەڵك کۆمەڵکوژ بکات، ئەوە ئاشکرایە و هیچ شاراوە نییە، ئەرکی حکوومەتی سووریایە کە بەرگری لە خاکەکەی بکات، بەڵام حکوومەتی سووریا بوونی نییە و بەبێ بڕیاری دەرەوە بۆی نییە هیچ بڕیارێك بدات، عەفرین بەرگری لە هەموو خەڵکی سووریا دەکات".

ھەروەھا ئاسیا عەبدوڵڵا، رایگەیاند: "هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەردۆغان و داعشدا نییە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا رۆژانە هاووڵاتیان کوشتار دەکەن، ئەگەر ناوی ئەوە تیرۆریزم نییە چییە؟، شوێنی ژیانی خەڵك وێران بووە، ئەوە پاکتاوی رەگەزییە".

ھاوسەرۆكی ته‌ڤگه‌ری جڤاتی دیموكراتیك (ته‌ڤده‌م) راشیگەیاند: "ئەنجوومەنی ئاسایش داوای کردووە ئاگربەستێکی 30 رۆژە لە سووریا رابگەیەندرێت، ئێمە ئامادەییمان دەربڕیووە بۆ ئەوەی تیمە چاودێرەکان بێن و بۆردوومانی شوێنە مەدەنی نشینەکان لە نزیکەوە ببینن، بەڵام نەهاتن، بەردەوامبوونی سوپای تورکیا لە هێرشەکانی بە واتای ئەوەیە کە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش هیچ بایەخێکی نییە".