رێواز فایه‌ق په‌یامێكی توند ئاراسته‌ی وه‌زیرێكی حزبه‌كه‌ی ده‌كات له حكوومه‌ت
K24 - هه‌ولێر:
هه‌ریه‌ك له فراكسیۆنه‌كانی پارتی و یه‌كێتی و حه‌وت فراكسیۆنی دیكه‌ی په‌رله‌مان، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایانگه‌یاند، ئه‌وان یادداشتێك ده‌ده‌نه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مادده‌یه هه‌مواربكرێته‌وه، كه په‌یوه‌ندی به خانه‌نشینی په‌رله‌مانتارانه‌وه هه‌یه.
له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، له باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، رێواز فایه‌ق په‌یامێكی ئاراسته‌ی وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كرد، "فێرببێ" مه‌یدانی ئه‌و بۆ به‌رگری و داكۆكیكردن له‌و چین و توێژانه‌ی له وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئه‌ودان، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و به‌رده‌م سه‌رۆكی حكوومه‌ت و جێگره‌كه‌یه‌تی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وه‌زیری شه‌هیدان كه له حزبه‌كه‌ی خۆیه‌تی، ناتوانێت پرۆژه یاسایه‌ك بداته ئه‌وان و به‌ناوی حكوومه‌ته‌وه و داكۆكی له هه‌ندێك چین و توێژ بكات.
گوتیشی: "وه‌زیری شه‌هیدان و ستافه‌كه‌ی، مافی ئه‌وه‌یان نییه پرۆژه‌یه‌كمان بۆ بێنن بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، له ناوپرۆژه‌كه‌دا، به ناوی حكومه‌ته‌وه، ده‌ستبه‌رداری هه‌ندێك له‌و چین و توێژانه بووبێت كه خۆیان نوێنه‌رایه‌تیان ده‌كه‌ن و دواتریش بێنه ناو هۆڵی په‌رله‌مان موزدایه به‌سه‌ر ئه‌ندامانی په‌رله‌ماندا بكه‌ن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌وان له فراكسیۆنی یه‌كێتی دووچاری ئیحراجی بوونه له شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی "ئه‌و" له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی په‌سه‌ندكردنی یاسای چاكسازی كه وه‌ك په‌رله‌مانتاران قسه‌ی ده‌كرد.
رێواز فایه‌ق گوتیشی: "مه‌یدانی راسته‌قینه‌ی ئه‌و ئه‌وه‌یه، به جورئه‌ته‌وه له به‌رده‌م سه‌رۆكی حكوومه‌ت و جێگره‌كه‌یدا، خۆی و ستافه‌كه‌ی داكۆكی له‌و چین و توێژه بكه‌ن كه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، مه‌یدانی ئه‌و بریتی نییه له‌وه‌ی له په‌رله‌مان موزایه‌ده به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه قسه بكات".
رێواز فایه‌ق، دووپاتی كرده‌وه، ئه‌وان له‌و نۆ فراكسیۆنه ده‌ستبه‌رداری ئه‌و یاسایه نابن كه په‌یوه‌ندی به چاكسازییه‌وه هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان،
روونیشی كرده‌وه، ئه‌وانه دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه كه به‌هۆی ئه‌م یاسایه‌وه زیانییان به‌ر ده‌كه‌وێت، خه‌ڵكێكی ناشایسته‌ن كه ئه‌و ئمیتیازاتانه‌ی وه‌ریانگرتووه، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی یاساكه‌ش به مانای ئه‌وه نییه ده‌ستبه‌رداری ئه‌و مادده و بڕگانه بن كه په‌یوه‌ندییان به چكاسازییه‌وه هه‌یه.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، بڕیاریانداوه، هه‌ردوو فراكسیۆنی پارتی و یه‌كێتی و داوا له سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن ئه‌و مادده‌یه‌ی نیگه‌رانی خه‌ڵكی كوردستانی له‌سه‌ره، هه‌مواربكرێته‌وه، ئه‌وه‌ش وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ نیگه‌رانییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.
روونیشی كرده‌وه، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به چاكسازییه‌وه هه‌یه، پێداگری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری نابن.
ا. م