فراكسیۆنە كوردستانییەكان سێ پێشنیاز دەدەنە سەركردایەتی سیاسی كورد

داوای كشانەوە و بایكۆت دەكرێت
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24 راگەیاند: "فراکسیۆنە کوردستانییەکان سێ پێشنیازیان ئاراستەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان کردووە، لەنێویشاندا کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکان دوو لەو پێشنیازانەن".

 ئاماژەی بەوەشدا: "بەغدا هەرێمی کوردستانی وەکو هاوبەش قبووڵ نییە و ئێستا خەڵکی کوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان تێدەگات و دەزانێت مافی هەرێمی کوردستان بووە، کە ریفراندۆمی ئەنجامداوە".

رۆژی 3/3/2018، بە زۆرینەی دەنگ و بێ گوێدان بە داواكانی كورد. پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018 پەسندکرد و فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش کۆبوونەوەکەیان بایکۆتکرد.

ھەر پەیوەست بەم بابەتە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سوپاسی ھەڵوێستی پەرلەمانتارانی كوردی كرد لە پەرلەمانی عێراق، ئاشكراشی كرد، لە رۆژانی ئایندەدا بۆ یەكھەڵوێستی لەسەر ئەم باسە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆدەبینەوە.

ھ.م