داوای کۆبوونەوەی چارەنووس سازی كورد دەکرێت

"پێویستە ھەمووان بەرامبەر بەغدا یەك ھەڵوێست بن"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

پاش ئەوەی پەرلەمانی عیراق، پڕۆژە یاسای بودجەی 2018 بێ کورد تێپەڕاند و ھیچ حسابێکی بۆ مافەکانی كورد نەکرد، زۆرێك لە لایەنە سیاسیەکان بەگرنگی دەزانن کۆببنەوە و بڕیارێكی چارەنووساز لەبارەی ئایندەی کاری سیاسی کورد لەگەڵ حکوومەتی عێراقی بدەن.

لە ماوەی رابردوودا ھەرێمی كوردستان چەندین جار نیەت پاكی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەربڕی، بەڵام سەرئەنجام تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2018 بەبێ کورد لە پەرلەمانی عێراقەوە، کورد و حکوومەتی عێراقی ھێنایەوە سەر خاڵی سەرەتا، بە بڕوای بەشێك لە چاودێرانی سیاسی، عێراق نایەوێت مافەکانی کورد بدات، ئەوەش لایەنە سیاسییەکانی ناچارکردووە بیر لە شێوازی نوێی کاری سیاسی لەگەڵ حكوومەتی عێراق بکەنەوە.

عوسمان کاروانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "باشترین بژاردە بۆ دۆخی ئێستای كوردستان، لێك تێگەیشتنی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و رێكخستنەوەی نێو ماڵی خۆیانە، ھەروەھا دروستكردنی پڕۆژە و پلانی ھاوبەشە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەو پلانانەی كە دژی پرسی كورد ھەیە".

بەبڕوای زۆرێك لە لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان،  حکوومەتی عیراقی یاری بەچارەنووسی کورد دەکات و ھەر رۆژەوە بڕیارێك لەدژی خەڵكی كوردستان دەردەکات، بۆیە بەگرنگی دەزانن کۆبوونەوەی بەپەلە لایەنەکان بکرێت بۆ بڕیاردان لە ئایندەی کورد لە پرۆسەی سیاسی.

جەبار مەلا عەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "بەرامبەر ئەو زوڵمەی لە كورد دەكرێت، ھەقە ھەموو لایەنەكان یەك دەنگ بن، پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەكان كۆببنەوە و بڕیار لەسەر ھەڵوێستەكانی بەغدا دژی كوردستان بدرێت".

حكوومەتی عێراق سەرەڕای بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لە چەند ساڵی رابردووەوە، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2017 وە، ئابڵۆقەی خستووەتەسەر ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا لە 3 ئازاری 2018 بەبێ لەبەرچاوگرتنی داواكانی كورد و ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی كورد بودجەی گشتی ئەمساڵی عێراق پەسندكرا.

ھ.م