ئێمری: بۆ تێكشكاندنی ریال سوود له ریمۆنتادایه‌كه‌ی بارسێلۆنا وه‌ده‌گرین
یۆنای ئێمری راهێنه‌ری یانه‌ی پاریس سانجێرمانی فڕه‌نسی دووپاتیده‌كاته‌وه دی ماریا له توانایدایه له یاری یانه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید شوێنی نێیمار پڕ بكاته‌وه و هیواش ده‌خوازێت ئه‌مجاره ناوبژیوانی یارییه‌كه‌یان دادپه‌روه‌رانه بێت.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 5 مارسی 2018، یۆنای ئێمری، راهێنەری پاریس سانجێرمان له پرێس كۆنفرانسێك له باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید گوتی: ئێمە هەوڵ دەدەین لەم یارییە سەرکەوتن بەدەست بهێنین و داستانێک تۆمار بکەین بۆ ئەوەی بگەینە قۆناخی داهاتووی خولەکە.
راهێنه‌ری سانجێرمان ده‌شڵێت: وەرزی رابردوو هەمیشە لە چامپیۆنزلیگ یاریی دووەممان لە دەرەوەی یاریگەی خۆمان بوو، بەڵام ئەم وەرزە یاریی دووەممان لە یاریگەی خۆمان دەبێت و ئەمەش سوودی بۆ ئێمە دەبێت.
یۆنای ئێمری گوتیشی: بەوهیوایەم ناوبژیوانی یاریی ئەمجارە هەڵەکانی ناوبژیونای یاریی چوون دووبارە نەکاتەوە و متمانەم هەیە ناوبژیوانی ئەمجارە دادپەروەرانە بێت.
ئێمری ده‌شڵێت: ئامادەنەبوونی نێیمار لەم یارییە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرجەم یاریزانەکان تەواوی توانای خۆیان بخەنە گەڕ لە یارییەکە، دی ماریا بۆ ئەم یارییە ئامادەیە و دەتوانێت شوێنی نێیمار پڕ بکاتەوە، هەوڵیش دەدەین سوود لەو ریمۆنتادایە وەربگرین کە وەرزی رابردوو بارسێلۆنا بەرامبەر ئێمە کردی.
بڕیاره سبه‌ی سێشه‌ممه، له یاری گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، یانه‌ی پاریس سانجێرمان له یاریگه‌ی خۆی میوانداریی ریال مه‌درید بكات، له یاری چوون یانه پاریسییه‌كه به ئه‌نجامی (3 ـ 1) تووشی شكست بوو.