فه‌ره‌نسا دووباره داوای له توركیا كرد هێرشه‌كانی بۆسه‌ر عه‌فرین بوه‌ستێنێت
K24- هه‌ولێر:
ژان ئیڤ لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ئاشكرایكرد، ئێستا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وه‌ستاندنی شه‌ڕه له سووریا، كه نابێت ته‌نیا هێرشه‌كانی رژێمی ئه‌و وڵاته بۆ سه‌ر غوته‌ی رۆژهه‌ڵات له‌خۆبگرێت، به‌ڵكو پێویسته هێرش و كرده سه‌ربازییه‌كانی توركیاش بۆ سه‌ر شاری عه‌فرین بوه‌ستێندرێن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له‌به‌رده‌م لێژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه له په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی جه‌ختی كرده‌وه، "خواستی وه‌ستاندنی شه‌ڕ له سووریا له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌نه‌كانه و له به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رانسه‌ری سووریایه. پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێم، كه بڕیاره له رۆژانی داهاتوودا هه‌موومان هه‌وڵه‌كانمان له‌باره‌ی پرسی غوته‌ی رۆژهه‌ڵات له سووریا چڕتر بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین كه كێشه‌ی عه‌فرینیش هیچ له‌كێشه‌ی غوته كه‌متر نییه و، ئه‌وه‌ی پێویسته بۆ ئاگربه‌ستی غوته بكرێت، ده‌بێت له‌سه‌ر عه‌فرینیش جێبه‌جێ بكرێت".
هه‌روه‌ها گوتی، "ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌ره‌نسا ئه‌م داواكارییه‌یان چه‌ندین جاری دیكه‌ش به به‌رپرسانی توركیا راگه‌یاندووه و جه‌ختیان كردۆته‌وه، فه‌ره‌نسا له ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی توركیا له دژی شه‌ڕڤانانی كورد له عه‌فرین نیگه‌رانه و، چه‌ندین جاریش ئامۆژگاری داوه‌ته ئه‌نقه‌ره، كه هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر عه‌فرین به‌كۆتا بێنێت".
پێشتریش له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا، ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا داوای له ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان سه‌رۆك كۆماری توركیا كردبوو، هێرشه‌كانی سوپای وڵاته‌كه‌ی بۆ سه‌ر شاری عه‌فرین بوه‌ستێنێت، ئه‌و دواكاریه‌ی ماكرۆنیش به‌رپرسانی حكوومه‌تی توركیای نیگه‌ران كرد.
H.B