نێچيرڤان بارزانى و باڵيۆزى ئه‌مريكا له‌ عێراق پرسى بووژاندنه‌وه‌ى ئابووريان تاوتوێكرد

باس له‌ دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی پرۆسه‌ی دیالۆگی هه‌ولێر - به‌غدا و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرا

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كۆبوويه‌وه‌ و هه‌ردوولا پرۆسه‌ى بووژاندنه‌وه‌ى ئابوورى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌يان تاوتوێكرد.

سايتى حكومه‌تى هه‌رێم بڵاويكرده‌وه‌: ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7ى ئازار/ مارسى 2018، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی به‌شێكی بوو، باس له‌ دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی پرۆسه‌ی دیالۆگی هه‌ولێر - به‌غدا و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق له‌ كوێت و پلانی ئاوه‌ندانكردنه‌وه‌ و هاندانی كه‌رتی تایبه‌ت بۆ به‌شداریكردن له‌م پرۆسه‌یه‌دا، كرا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشك خرایه‌ سه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی ده‌بنه‌ فاكته‌ری زیاتر چالاككردن و به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بردنی بواری ئابووری له‌ عێراق به‌ گشتی و ئاسانكاری بۆ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكرنه‌وه‌ و رێگه‌ خۆشكردن له‌به‌رده‌م كه‌رتی وه‌به‌رهێنه‌ر و كۆمپانیا بیانییه‌كان له‌ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ ناوچه‌كه‌ و عێراق و هه‌رێمی كوردستان‌ و قۆناغی دوای داعش، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.