په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا: ئۆپه‌راسیۆنی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین دژی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه
K24- هه‌ولێر:
به‌شی توێژینه‌وه زانستییه‌كانی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا "بۆندستاگ"، ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كی له كه‌ناڵی یه‌كی ئه‌ڵمانی بڵاوكردۆته‌وه، تێیدا گومان له ره‌وایه‌تی و یاسایی هێرشه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌كات. توێژه‌رانی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یاندا هیچ پاساوێكیان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه كه ڕه‌وایه‌تی به ئۆپه‌راسیۆنی "چڵه زه‌یتوون"ـی توركیا بدات.
وه‌ك له‌و پرۆسه زانستیه‌دا ده‌ركه‌وتووه، ده‌ستێوه‌ردانه سه‌ربازییه‌كانی توركیا له ناوچه‌ی عه‌فرین، یاسای نێوده‌وڵه‌تی پێشێل ده‌كات و جه‌خت ده‌كاته‌وه، به‌گوێره‌ی یاسای 51 له جاڕنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، كرده سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا هیچ ره‌وایه‌تییه‌كی نییه بۆ سه‌ر شاری عه‌فرین، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی توركیا هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی نییه، كه پشتڕاستی بكاته‌وه هێزه كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان هه‌ره‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌یان.
له به‌شێكی دیكه‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا ئاماژه به پاساوه‌كانی توركیا بۆ ره‌وایه‌تیدان به ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كه‌ی بۆ سه‌ر ناوچه‌ی عه‌فرین ده‌كات، كه له‌به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش گوتوویه‌تی، مه‌به‌ست له‌و كرده سه‌ربازییه‌یان "به‌رگریكردنه له‌خۆ"، به‌وه‌ی كه ژماره‌یه‌ك مووشه‌ك له سنووری عه‌فرینه‌وه ئاراسته‌ی شاره‌كانی هاتای و كلیسی توركیا كراون.
ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه، له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یاندا، نه‌گه‌یشتوونه‌ته هیچ ئه‌نجامێك یاخۆد راپۆرتێكی میدیایی، كه ئه‌وه پشتڕاست بكه‌نه‌وه كه له رۆژئاوای كوردستانه‌وه مووشه‌ك ئاراسته‌ی شاره‌كانی توركیا كرابن و، ئه‌و پاساوه‌ی توركیاش به‌دوور له راست ده‌زانن.
بۆندستاگ روونیشی كردۆته‌وه، "بابڵێین ئه‌مه راسته كه پرۆسه سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا بۆ به‌رگریكردنه له‌خۆ و، له‌كاتێكدا ره‌وایه‌تی هه‌یه كه رووبه‌ڕووی هه‌ر هێزێكی ناحكوومی وه‌ك یه‌په‌گه ببێته‌وه، به‌تایبه‌ت كه ئه‌و جۆره گروپانه له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته ئه‌نقه‌ره به‌ڵگه‌ی ته‌واو پێشكه‌ش بكات، كه یه‌په‌گه هێرشێكی چه‌كداری له‌دژی توركیای ئه‌نجامداوه".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، تائێستا توركیا هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌ش به ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش نه‌كردووه، كه گوزارشت له هێرشی چه‌كداری یه‌په‌گه له دژی توركیا بكات، ئه‌وه‌ی توركیا باسی لێوه ده‌كات، ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه له ده‌ره‌نجامی گۆڕانكارییه‌كانی سووریا، یه‌په‌گه هه‌ره‌شه‌ی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌یان ده‌بێت. سه‌باره‌ت به‌م پاساوه‌ی توركیاش، به‌شی لێكۆڵینه‌وه‌كان له په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا جه‌خت ده‌كاته‌وه، "ناكرێت هه‌ره‌شه‌یه‌كی "نادیار" بكرێته پاساوێك بۆئه‌وه‌ی ره‌وایه‌تی به هێرشێكی زه‌به‌لاحی سه‌ربازی بۆ سه‌ر عه‌فرین بدرێت، به‌ڵكو پێویسته ئه‌نقه‌ره به‌ڵگه‌ی روون و ئاشكرا و به‌رجه‌سته پێشكه‌ش بكات، كه هه‌ره‌شه‌كانی یه‌په‌گه بۆ سه‌ر توركیا پشتڕاست بكه‌نه‌وه".
هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه ئه‌لێكسانده‌ر نوی، په‌رله‌مانتاری پارتی چه‌پی ئۆپۆزسیۆنی ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت، حزبه‌كه‌ی هاوڕایه له‌گه‌ڵ راپۆرتی به‌شی توێژینه‌وه‌كان له په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا و، ئه‌وان ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی توركیا به‌ناوی "چڵه زه‌یتوون" به دوژمنكارییه‌كی روون و ئاشكرا به‌رامبه‌ر به یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ده‌زانن، بۆیه‌ش وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد، ئه‌و به‌دووری ده‌زانێت كه حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا وه‌ڵامی داوكاری توركیا بۆ پێدانی تانكی سه‌ربازی جۆری لیۆبارد 2 بداته‌وه.
H.B