حدكا: دوای 16 ئۆكتۆبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر كادیرانمان زیادیكردووه‌

"دەسەڵاتی ئێران لە عێراق زیاتربووە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدكا) رایدەگەیەنێت، لەدوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر کادیرانی پارتەکەیان دوو ئەوەندە زیادیكردووە.

محەممەد نەزیف قادری،  ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری حدکا  بە كوردستان24 راگەیاند: "ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق و ئێران بۆسەر كەركووك، بواری زیاتری بۆ ئێران رەخساندووە بۆ ئەوەی ئامانجەكانی لە عێراق بپێكێ، دوای 16 ئۆكتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووك دەسەڵاتی ئێران زیادیکردووە و ھەڕەشەكان بۆسەر ژیانی كادیرانمان زیادیكردووە".

ئەمە لەكاتێكدایە ھەفتەی رابردوو فەرماندەیەكی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدك) قادر قادری، لە گوندی ھەرتەلی سەر بە شارەدێی سەروچاوەی دەڤەری راپەڕین دەستڕێژی گولـلەی لێكرا و حدك لە راگەیەندراوێكدا، ئێرانی بە "تیرۆركردنی" ئەو كادیرەیان تۆمەتباركرد. پێشتریش لە رووداوێكی ھاوشێوەدا لە شارەدێی بنەسڵاوەی سەر بە ھەولێر دوو ئەندامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) كرانە ئامانج و بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێك كە لەژێر ئۆتۆمبێلەكەیان، سەباح رەحمان، ئەندامی حدكا گیانی لەدەستداو باوكی بە سەختی برینداربوو.

ھ.م