"توركیا نوقمی زۆنگاوێكی خه‌ست ده‌بێت"
K24 - ھەولێر
ئه‌ندامێكی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران رایدەگەیەنێت، سیاسەتی توركیا روون نییە و كە ئەمریكا گورزی لێدا ھاتەوە پاڵ رووسیا و ئێران.
ئه‌بولفه‌زل تورابی، ئه‌ندامی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران بە ماڵپەڕی خانەی میللەتی راگەیاندووە: "تورکیا سیاسه‌تێکی روونی له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان و ناوچه‌که‌دا نییه. سه‌ره‌تا چووه پاڵ ئه‌مریکا بۆ لێدانی سووریا، به‌ڵام دواجار که ئه‌مریکا گورزی لێدا هاته‌وه پاڵ رووسیا و ئێران".
دەشڵێت: "تورکیا به پشتیوانیكردن له داعش و به‌ره‌ی نوسره و ئه‌لقاعیده له سووریا رۆڵێکی یه‌کجار خراپی بینیوە و كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەری سیاسەتی وڵاتەكە و که‌س متمانه‌ی پێناکات".
تورابی، راشیگەیاند: "ئێستا توركیا خۆی ھاوێشتووەتە باوەشی رووسیا و ئێران، به‌ڵام ره‌نگه دیسان بچێته‌وه باوەشی ئه‌مریکا. تورکیا ده‌بێت کۆتایی به پشتیوانیکردن له تیرۆریسته‌کان له سووریا بێنێت و تێبگات که رووسیا و ئێران سه‌رچاوه‌ی سه‌قامگیری ناوچه‌که‌ن".
ئەوەشی خستووەتەڕوو: "سیاسه‌تی دوو فاقی تورکیا هیچ ده‌ره‌نجامێکی باشی بۆ تورکیا نابێت و زیانی زۆر به تورکیا ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌ردۆغان له لایه‌که‌وه له سووریا پشتیووانی ده‌کات و له لایه‌که‌وه کورده‌کان ده‌كوژێت، ئه‌مه‌ش زه‌بری کاریگه‌ری له به‌رژوه‌ندییه‌کانی تورکیا داوه".
ئەو ئەندامەی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران دەڵێ: "کوردانی سووریا هه‌میشه به وڵاته‌که‌ی خۆیان پابەند بوون و خیانەتیان له به‌شار ئه‌سه‌د نه‌کردووه، به‌ڵام تورکیا هه‌ر مه‌ترسی له سه‌ر کوردی سووریا هه‌یه، به‌م بیانووە به‌رده‌وام په‌ره به گرووپه تیرۆریستییه‌کانی وه‌ك داعش و ئه‌لقاعیده دەدات، به‌ڵام ئه‌مه زۆنگاو‌ێکی خه‌سته که تورکیا تێیکه‌وتووه و ره‌نگه تێیدا نوقم بێت".