هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ داوایه‌ك له‌ كوردستانیان و دۆستانی كورد ده‌كات

شاهۆز حه‌سه‌ن: دژی هێرشه‌كانی توركیا خۆپیشاندان و پاڵپشتی به‌رگری عه‌فرین بكه‌ن و خه‌ڵكه‌كه‌ی رزگار بكه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

شاهۆز حه‌سه‌ن، هاوسه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی دیموكرات "په‌یه‌ده‌" رایگه‌یاند: "گه‌لانی عه‌فرین سه‌لماندیان خۆڕاگرن و به‌رده‌وامن له‌ به‌رگریكردن و پارێزگاریكردن له‌ خاكه‌كه‌یان".

هاوسه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی دیموكرات "په‌یه‌ده‌" به‌ "ئاژانسی هاوار نیووز"ـی گوتووه‌: "داوا له‌ هه‌موو كوردستانیان و دۆستانی گه‌لی كورد له‌ هه‌موو وڵاتانی جیهان ده‌كه‌ین، دژی هێرشه‌كانی توركیا خۆپیشاندان و پاڵپشتی به‌رگری عه‌فرین بكه‌ن و خه‌ڵكه‌كه‌ی رزگار بكه‌ن".

شاهۆز حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: "گه‌لی عه‌فرین و باكووری سووریا بۆ جیهانیان سه‌لماند كه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانێت ئیراده‌یان بشكێنێت و سوورن له‌سه‌ر به‌رگریكردن".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "هێزه‌كانی سوپای توركیا و میلیشیاكانیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ترس بخه‌نه‌ دڵی گه‌لانی باكووری سووریا و به‌ رێگه‌ی هێرشی دڕندانه‌ به‌ فڕۆكه‌ و تۆپخانه‌كانیان بۆمباباران و بۆردوومانی خه‌ڵكی ناوچه‌ی عه‌فرین ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ مۆراڵی گه‌لان زیاتر به‌رزده‌كاته‌وه‌و سووربوونیان له‌سه‌ر به‌رگریكردن و خۆكردنه‌ قوربانی عه‌فرین زیاتر ده‌بێت".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "خۆڕاگری و به‌رگریی خه‌ڵكی عه‌فرین، مۆراڵی شه‌ڕڤانه‌كانی له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ توركیا زیاتر به‌رزكردووه‌ته‌وه‌.

هاوكات لە راگەیەندراوێكدا هاوسەرۆكایەتی كۆنگرەی جڤاكی دیموكراتی كورد لە ئەوروپا (كەجەدەكە) مەترسی نزیكبوونەوەی سوپای توركیا لە عەفرین و كۆمەڵكوژی خەڵك شارەكە دەخاتەڕوو، داواش دەكات بۆ پاراستنی خەڵكی عەفرین، گەلی كورد لە وڵاتانی ئەوروپا بە شێوەیەكی مەدەنیانە بڕژێنە سەرشەقامەكان.

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "لە رۆژی 50 یەمین هێرشەکانی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین، سوپای توركیا تەنها دوو کیلۆمەتری ماوە بگاتە ناوەندی عەفرین، گوندەکانی نزیکی ناوەندی عەفرین و گەڕەکەکانی دەرەوەی عەفرین، بەچڕی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردوومانکراون".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوی كەجەدەكە ئاماژە بەوەدراوە: "ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان، بەشێوەیەکی بەپەلە دەستێوەردان نەکەن، هاووڵاتیانی مەدەنی، ژن، منداڵ و بە ساڵاچوو رووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە".

ھەروەھا لەو راگەیەندراوە كەجەدەكە بانگەواز دەكات: "دەبێت گەلەکەمان و دۆستانمان لە ئەوروپا بڕژێنە مەیدانەکان، بەشێوەیەکی دیموكراسییانەی ناڕەزایی خۆیان دژی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین دەرببڕن و رای گشتیی ئەوروپا بێننەدەنگ".

زیاتر لە 50 رۆژە ھێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین بەردەوامە و بەگوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی تەندروستی عەفرین زیاتر 230 ھاووڵاتی سڤیل شەھیدبوونە و زیاتر لە 600 كەسی دیكەش برینداربوونە. سوپای توركیا لە 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، له‌ ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه‌ زه‌يتون" ده‌ستيپێكرد و جگە لە سەربازانی توركیا، چەكدارانی سوپای سووریای ئازادی سەر بە توركیا بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەكەن.