لەبارەی كوژرانی سێ برا لە ھەولێر روونكردنەوە دەدرێت
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، لەبارەی كوژرانی سێ برا لە گوندێكی دەوروبەری ھەولێر زانیاری دەخاتەڕوو، راشیدەگەیەنێت، بكوژەكان ھەڵاتوون و پۆلیس زانیاری لەبارەی شوێنەكەیان دەستكەوتووە.
عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو سێ كەسە لەسەر كێشەی زەوی و زار كوژراون و كێشەكە لەنێوان دوو خێزان بووە كە لە یەك بنەماڵەن و خزمی یەكترن، لە گوندێكی سنووری ناحییەی قوشتەپەی پارێزگای ھەولێر كێشە لەنێوانیاندا روویداوە و لە ئەنجامدا ئەو سێ كەسە كوژراون".
گوتیشی: "بكوژەكان بە ماڵ و منداڵەوە ھەڵاتوون، ئێستا ھێزەكانی پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوە و ئاشكرای كردنی شوێنەكەیانن، ھەندێك زانیاریمان لەبارەی شوێنەكەیان دەستكەوتووە".
شەوی رابردوو لەسەر كێشەی زەوی و زار، لە گوندی دووشێوانی سەر بە ناحیهی قوشتەپەی پارێزگای هەولێر، سێ برا کوژران.
ھ.م