كورده‌ فه‌یلییه‌كان داوادەكەن كورسی كۆتا به‌ هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ نه‌درێت

كوردانی فه‌یلی ركابه‌ری له‌سه‌ر كورسی كوتای ئه‌نجوومه‌نی پاریزگای واست ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

كوردانی فەیلی پارێزگای واست، داوادەكەن جگە لە پارتە كوردییەكان كورسی كۆتا بە ھیچ پارتێكی دیكەی عێراقی نەدرێت.

حه‌یده‌ر ھیشام فەیلی سەرۆكی ئەنجوومەنی كوردانی فەیلی لە پارێزگای واست رایگەیاند، كوردانی فەیلی پارێزگاكە رەتیدەكەنەوە كورسی كۆتا كە لە ئەنجوومەنی پارێزگاكە بۆیان دیاریكراوە، جگە لە پارتە كوردییەكان بە ھیچ پارتێكی عێراق بدرێت.

ھەروەھا گوتی، بۆ یەكەمجارە كوردانی فەیلی پارێزگاكە ركابەری لەسەر بەدەستھێنانی كورسی كۆتا لە ئەنجوومەنی پارێزگاكە دەكەن و قبوڵی ناكەن پارتە سیاسییەكانی عێراق كورسیەكە بۆ خۆیان ببەن.

چه‌ندین ساڵه‌ كورده‌ فه‌یلییه‌كان له‌ به‌غدا و چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌ی عێراق نیشته‌جێن و زۆرینه‌یان شیعه‌مه‌زهه‌بن و له‌سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ به‌عسیشدا به‌ تاوانی‌ كوردبوون روبه‌ڕووی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ و له‌سێداره‌دان و راگواستن و به‌ عه‌ره‌بكردن بوونه‌وه‌، به‌گوێره‌ی‌ ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان زیاتر له‌ ٢٢ هه‌زار كوردی فه‌یلی شه‌هیدكراون و ژماره‌یه‌كی زۆریشیان بێسه‌روشوێنكراون.