سكرتێرى نهتهوهيهكگرتووهكان: بۆردومانەکانی توركيا رێگە نادەن ھاوکارییەکان بگهنه خهڵكى عهفرين
K24 – ههولێر:
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتيی نەتەوەیەکگرتووەکان، رايگهياند، بڕیاری 2104ی ئەنجوومەنی ئاسایش ھەموو سوریا دەگرێتەوە و پێویستە ھەموو لایەک پێوەی پابەند بن.
لە کۆبوونەوەی ئهمڕۆى ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە دۆخی سووریا سکرتێری گشتيی نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژەی بە دۆخی عەفرین کرد و رایگەیاند، بۆردومانەکانی سەر عەفرین رێگە نادەن ھاوکارییەکان بگەیهنينە خەڵکی ناوچهكه.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، گوتيشى: "رۆژى یەکی ئادار رێکخراوە مرۆییەکان ھاوکارییان گەیاندووەتە 50 ھەزار کەس لە دەورووبەری عەفرین و تەل رەفعەت لە باکووری حەلەب. لە ٤ی ئادار ١٩ بارھەڵگر ھاوکاری مرۆیی گەيهندراوەتە دار ئەلکەبیرە لە باکووری حمس. ھەرچەندە رژێمی سووریا رێگەی نەدا ئەو ھاوکارییە پزیشکیانەی کە داوا کرابوون بگەنە خەڵکی ئەو ناوچەیە. تیمەکانمان لەگەڵ رێکخراوی خاچی سووری سووریا ھاوکارییان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بیگەێننە خەڵکی عەفرین، بەڵام بۆردومانەکانی سەر ئەو شارە رێگە بە تیمەکان نادەن. ھەرکاتێک بارودۆخ ئاسایی بوویەوە ھاوکاریيەکان دەگەنە خەڵکی عەفرین".
روونيشيكردهوه، "بڕیاری 2104 ی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ھەموو سوریایە. داوا لە ھەموو لایەک دەکەین پابەندبن بە بڕیارەکەوە".
ههر لهو چوارچێوهيهدا، باڵێوزی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان نیكی ھێیلی، رایگەیاند، ئەگەر ئەنجوومهنى ئاساییش شكستبھێنێت لە گەیشتن بە ئەنجامێك، ئەوا ئەمریكا رێگەی دیكە لە سوریا دەگرێتەبەر.
دووپاتیشیكردەوە، ئەمریكا ئامادەی جوڵە و پەرچەكرداری تێدایە لەبەرامبەر ئەو كارانەی رژێمی سوریا دژی ھاووڵاتیان ئەنجامی دەدات و بێ دەنگ نابێت.
ھێیڵی جەختیشی لەوە كردەوە، ئەو رێگەیە بە بژاردەی یەكەم نازانن، بەڵام پێشووتر تاقیان كردووهتەوە و لە دووبارەكردنەوەی كردنە ئامانجی رژێمی سوریا دوو دڵی ناكەن.
ئ.ر