له‌ دياربه‌كر دوو سه‌ربازى توركيا كوژران

له‌ ئاكامى ته‌قينه‌وه‌ى بۆمبێكى چێندراو له‌سه‌ر رێگه‌ى كاروانه‌كه‌يان

K24 – هه‌ولێر:

دوو سه‌ربازى سوپاى توركيا كوژران و پێنجى ديكه‌ بريندار بوون، له‌ ئاكامى ته‌قينه‌وه‌ى بۆمبێكى چێندراو له‌سه‌ر رێگه‌ى كاروانه‌كه‌يان له‌ سنوورى ويلايه‌تى دياربه‌كر.

به‌رپرسانى ويلايه‌ته‌كه‌، له‌ باره‌ى رووداوه‌كه‌وه‌ رايانگه‌ياند، ئه‌و سه‌ربازانه‌ له‌ كاتى جێبه‌جێكردنى ئه‌ركى ئه‌منيدا له‌ دژى چه‌كدارانى سه‌ر به‌ پارتى كرێكارانى كوردستان، له‌ قه‌زاى ديجله‌ى باكوورى دياربه‌كر، بۆمبى چێندراو پێياندا ته‌قيوه‌ته‌وه‌ و دووانيان كوژراوون.

سه‌باره‌ت به‌ برينداره‌كانيش، سه‌رچاوه‌ توركييه‌كان نه‌يانشاردووه‌ته‌وه‌ دووان له‌ برينداره‌كان مه‌ترسى له‌سه‌ر ژيانيان هه‌يه‌ به‌ هۆى سه‌ختى برينه‌كانيانه‌وه‌.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ 12ى ئازار/ مارسى 2018، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و وته‌بێژى حكومه‌تى ئه‌نقه‌ره‌، به‌كر بۆزداغ رايگه‌ياند، له‌ ميانى هێرشه‌كانى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين 42 سه‌ربازى سوپاى توركيا كوژراوون.

له‌ 15ى ئاب/ ئۆگستى 1984ه‌وه‌ پارتى كرێكارانى كوردستان(په‌كه‌كه‌) شه‌ڕى له‌ دژى سوپاى توركيا راگه‌ياندووه‌ و له‌ ماوه‌ى 34 ساڵى شه‌ڕ و پێكدادانى نێوان هه‌ردوولادا نزيكه‌ى 40 هه‌زار كه‌س له‌ هه‌ردوولا كوژراوون و هه‌زارانى ديكه‌ بريندار بوون.

توركيا، تا ئێستا ئاماده‌ نييه‌ دانووستان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ چه‌كدارييه‌ كوردييه‌دا بكات و وه‌ك رێكخراوێكى تيرۆريستى وه‌سفى ده‌كات.

ئ.ر