"شەڕڤانان تانكێكی سوپای توركیایان لە عەفرین تەقاندەوە"

نزیكەی 30 سەربازی توركیا كوژراون

K24 - ھەولێر

یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ئاشكرای دەكات، كە شەڕی سەخت لە عەفرین لە ئارادایە و شەڕڤانان تانكێك و ئۆتۆمبێلێكی سەربازیان تەقاندووەتەوە.

ئاژانسی ھاواری نزیك لە یەپەگە رایگەیاند: "لە گوندی باسلی ناوچەی شێراوای عەفرین، شەڕێكی سەخت لە نێوان شەڕڤانان و سوپای توركیا لە ئارادایە، شەڕڤانان تانکێك و ئۆتۆمبێلێکی دۆشکەلەسەری تورکیان تێکشکاند".

بە گوێرەی ئەو ئاژانسە: "لە ئەنجامی شەڕەکانی دوێنێی ناوچەكانی بلبلێ، جندرێس، شەرا، ماباتا و شییە، 25 سەربازی توركیا و 46 چەكدارای سوپای ئازادی سووریای سەر بە توركیا كوژراون".

زیاتر لە 50 رۆژە ھێرشی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین بەردەوامە، پێشتر سوپای توركیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو، كە ناوەندی شاری عەفرینیان گەمارۆداوە، گوتەبێژی یەپەگەش لە عەفرین بە كوردستان24 گوت "عەفرین چۆڵناكەین و شەڕی كۆڵان بە كۆڵان دەست پێدەكات".

 

ھ.م