هه‌سه‌ده: توركيا ده‌يه‌وێت خه‌ڵكى عه‌فرين ئاواره بن
K24 – هه‌ولێر:
ناوه‌ندی راگه‌یاندنی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده) له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماری شه‌ڕی ٢٤ كاتژمێری رابردوو (په‌نجاوپێنجه‌مین ڕۆژی هێرشه‌كانى توركياى بۆ سه‌ر عه‌فرين) بڵاوكرده‌وه.
هه‌سه‌ده رايگه‌ياندووه، شه‌ڕێكی سه‌خت له هه‌رێمه‌كه له ئارادایه و لانی كه‌م ١٤سه‌رباز و چه‌كدارى ميليشياكانى هاوپه‌يمانى توركيا كوژراون.
له راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا، هاتووه: "هه‌رچه‌نده ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بڕیاری ژماره ٢٤٠١ی بۆ ئاگربه‌ست له سووریای په‌سه‌ند كردووه، به‌ڵام سوپای توركیا به‌رده‌وامه له دڕندایه‌تیی خۆی دژی هه‌رێمی عه‌فرین و بڕیاره نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان پشتگوێ ده‌خات. سوپای توركیای داگیركه‌ر هه‌موو ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی سه‌ربازی به ئامانجی قڕكردنی گه‌لی عه‌فرین به‌كاردێنێت. له‌به‌رئه‌وه هێزه‌كانی ئێمه ناچار بوون مافی خۆپاراستنی ڕه‌وا به‌كاربێنن و وه‌ڵامی هێرشه‌كانی داگیركه‌ران بده‌نه‌وه".
هه‌روه‌ها هاتووه: "شه‌وی ڕابردووه‌وه ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر به چه‌كی قورس و فڕۆكه‌كانی درێژه به هێرشه‌كانی له‌سه‌ر زۆرینه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری عه‌فرین ده‌دات. ده‌یانه‌وێ هاوڵاتیانی سیڤیل ناچار بكه‌ن واری خۆیان به‌جێبهێڵن. له ئه‌نجامی بۆمباراندا، ژماره‌یه‌كی زۆری سیڤیل شه‌هید و بریندار بوون (زۆرینه‌یان ژن و منداڵن). هێرشه‌كان به تۆپ و فڕۆكه له‌سه‌ر ناوه‌ندی شار به‌رده‌وامن".
هه‌سه‌ده ئه‌وه‌شى وتووه: "دوێنێ له گونده‌كانی شادیا و خه‌زاویێ، له‌نێوان هێزه‌كانمان و سوپای توركیا تا ئێواره شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو. له ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه سه‌خته‌دا ١٤ سه‌رباز و چه‌كدارى ميليشياكانى هاوپه‌يمانى توركيا كوژران".
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كردووه، "له به‌ره‌ی گوندی مه‌یدانكێ شه‌ڕێكی سه‌خت له‌نێوان هێزه‌كانيان و سوپای توركیا بێ ناوبڕ به‌رده‌وامه. ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازیی توركيا كراوه‌ته ئامانج، له ئه‌نجامدا ئۆتۆمبێله‌كه به‌ته‌واوی تێكشكێندرا و هه‌موو ئه‌و سه‌ربازانه‌ی له‌نێویدا بوون، كوژران".
سه‌رچاوه: ئه‌نه‌فه و هاوارنيوز
ئ.ر