ژمارەیەك پێشمەرگەی بریندار رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێن

"زیاتر لە 10 ھەزار پێشمەرگە لە شەڕی داعش برینداربوونە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "ئەمڕۆ ژمارەیەك پێشمەرگەی بریندار لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە بۆ چارەسەری تەندروستی رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێن".

لیوا موحسین، پزیشكی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە كوردستان24 راگەیاند: "وەك بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەھاوكاری لەگەڵ وەزارەتی بەرگری چیك و كونسوڵی چیك لە ھەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ توانیمان 7 پێشمەرگەی بریندار بۆ چارەسەری رەوانەی وڵاتی چیك بكەین".

روونیكردەوە: "ئەو پێشمەرگانە لە شەڕی دژی داعش برینداربوونە و لە وڵاتی چیك بە ھاوكاری وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە چارەسەریان تەندروستیان بۆ ئەنجامدەدرێت".

لیوا موحسین محەمەد، گوتیشی: "ناردنی پێشمەرگە بریندارەكان بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوام دەبێت و لە داھاتوو بەشێكی دیكەیان بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێن".

بە گوتەی ئەو پزیشكەی وەزارەتی پێشمەرگە: "زیاتر لە 10 ھەزار پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش برینداربوونە و زیاتر لە 700 یان لە دەرەوە و ناوخۆی كوردستان چارەسەریان بۆكراوە، ھەروەھا نزیكەی 60 پێشمەرگەی دیكەی بریندار ماون، كە پێویستیان بە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات".

گوتیشی: "بەھۆی وەستاندنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان لە فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان، چارەسەركردنی ئەو پێشمەرگە بریندارانە لە درەوەی وڵات دواكەوتووە، بەڵام ھەوڵدەدەین لە داھاتووێكی نزیكدا ھەموویان بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات بكەین".

ھ.م