خه‌ڵكی كه‌ركووك به‌ دڵی شكاو پێشوازی له‌ نه‌ورۆز ده‌كه‌ن

ھاووڵاتییەكی كەركووك: ئەوانەی سێ رۆژ ماتەمینیان بۆ عەفرین راگەیاندووە بۆچی بۆ كەركووكی راناگەینن؟
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

ئامادەکارییەکانی خەڵکی کەرکووک بۆ نەورۆزی ئەمساڵ وەکو پێویست نەبوو، وەك ژمارەیەك لە دانیشتوانی شارەكە دەڵێن "بەھۆی ئەو بارودۆخەی کە لە دوای 16 ئۆکتۆبەرەوە بەسەر شارەکەیاندا ھاتووە بڕیارییانداوە، بەشداری ئاھەنگ نەکەن و نەچنە دەرەوە، دوکاندار و فرۆشیارەکانیش بەو ھۆیەوە بازاڕیان نییە و زیانی گەورەیان پێگەیشتووە.

دوكاندارێكی شاری كەركووك كە پێداویستییەكانی جوانكاری دەفرۆشێت بە كوردستان24 گوت: "كەس لە كەركووك بۆ جەژنی نەورۆز كەلوپەلی نەكڕیووە، چونكە ترس لە دڵیایە و مووچەشیان وەرنەگرتووە، خەڵك تەواو لە دۆخەكە بێزار و بێتاقەت بووە".

بەرگدرووێكی شاری كەركووك دەڵێت: "بە بەراورد بە ساڵی رابردوو درووینی جلوبەرگی كوردی ئەمساڵ زۆر كەمترە، ساڵی پار نۆرەی درووینی جل مانگێك زیاتر بوو، بەڵام ئێستا بە رۆژێك جل دەدرووین، چونكە لە بازگەكان چەكدارانی حەشدی شەعبی كێشە بۆ ئەو كەسانە دروست دەكەن كە جلی كوردیان لەبەرە".

ھەر سەبارەت بە جەژنی نەورۆز لە كەركووك، ھاووڵاتییەكی ئەو شارە گوتی: "ھەندێك خەڵك لە شارەكانی كوردستان سێ رۆژ ماتەمینیان بۆ عەفرین رادەگەیاندووە، پرسیار ئەوەیە بۆچی ماتەمینیان بۆ كەركووك رانەگەیاند؟ بۆ واتان بەسەر كەركووك ھێنا؟ ھیچ شتێكی خۆش لە كەركووك نەماوە تا ئاھەنگی نەورۆز بگێڕین".

ھ.م