زیاتر لە 76 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان

"بەشێكی زۆر لە گەشتیاران لە ئێرانەوە ھاتوون"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، زیاتر لە 76 ھەزار گەشتیار بۆ جەژنی نەورۆز ھاتوونەتە شارو شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان.

مەولەوی جەبار، سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان به‌ كوردستان24 راگه‌یاند: "تا رۆژی 20 ئەم مانگە زیاتر له‌ 76 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، لە یەكەم رۆژی جەژنی نەورۆزیش ھاتنی گەشتیاران بۆ كوردستان بەردەوام بووە، بۆیە ئەو رێژەییە لە رۆژانی داھاتوودا بەرزدەبێتەوە".

گوتیشی: "مەبەستمانە‌ له‌مساڵدا زیاتر له‌ دوو ملیۆن و 500 هه‌زار گه‌شتیار بهێنینه‌ هه‌رێمی كوردستان".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە ژمارەی ھاتنی گەشتیاران لە ئێرانەوە زیادیكردووە، ئەمەش بە سەركەوتن ھەژمار دەكرێت لە رووی راكێشانی سەرنجی گەشتیاران".

له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرای كردووە: "له‌ رۆژی هه‌ینی رابردوو، تاوه‌كو ئێستا 140 هه‌زار له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و بیانی هاتوونه‌ته‌ نێو عێراق به‌ مه‌به‌ستی پیرۆزكردنی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ردانیكردنی شوێنه‌ ئایینی و گه‌شتیارییه‌كان".

ھ.م