فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا 4 ھاووڵاتی باڵەكایەتیان شەھیدكرد

توركیا دۆڵی باڵەییان بۆردوومان دەكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا فڕۆکە جەنگییەکانی توركیا دۆڵی باڵەییانی لە دەڤەری باڵەكایەتی بۆردوومان كرد و بەوھۆیەوە چوار كەس شەھیدبوون.

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24: "درەنگانی شەوی رابردوو، چەند فڕۆكەیەكی جەنگی توركیا، بەبیانووی بوونی بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) گوندەكانی دۆڵی باڵەییانی دەڤەری باڵەكایەتیان بۆردوومان كردووە و بەوھۆیەوە 4 كەس شەھیدبوونە و دووانیان پێشمەرگەن".

ھەر بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست كوردستان24 كەوتوون: "ئەو كەسانەی شەھیدبوونە پێكھاتوون لە کاکە مستەفا وەرتی، شێرۆ مەحموود، محەممەد سمایل ئاغا وەرتی، دەرباز سماقوڵی".

پەیامنێری كوردستان24 لە ناوچەكە رایگەیاند: "ئەو كەسانەی بەھۆی بوردوومانی توركیا لە شەھیدبوونە، ھیچیان دانیشتووی دۆڵی باڵەییان نین بۆ گەشت و سەیران چوو بوونە ئەوێ".

لەبارەی زیانەكانی پەكەكە پەیامنێرمان گوتی: "بازگەی پەكەكە لەو ناوچەیە بە چڕی بۆردوومانكراوە و بەگوێرەی سەرچاوە نافەرمییەكان زیاتر لە 10 گەریلای پەكەكە بەو ھۆیەوە گیانیان لە دەستداوە".

شێرۆ مەحمود و کاکە مستەفا شەوی رابردوو بەھۆی بۆردوومانی توركیا لە دۆڵی باڵەییان شەھیدبوون
شێرۆ مەحمود و کاکە مستەفا شەوی رابردوو بەھۆی بۆردوومانی توركیا لە دۆڵی باڵەییان شەھیدبوون
کاکە مستەفا وەرتی
کاکە مستەفا وەرتی

پێشتریش چەندین جار بەھۆی بوونی بارەگاكانی پەكەكە، گوندەكانی باشووری كوردستان لەلایەن توركیا بۆردوومان كراون، لە رووداوێكی ھاشێوەدا و لە 1/8/2015  فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا گوندی زارگه‌لی سه‌ربه‌شاره‌دێی وه‌رتێی قەزای رواندزیان بۆردوومانكرد، له‌ئه‌نجامدا حه‌وت هاووڵاتی سڤیل شه‌هید بوون كه‌ پێنج له‌و شه‌هیدانه‌ ئه‌ندامی یه‌ك خێزان بوون، ھەروەھا 11 ھاووڵاتی دیكەش برینداربوون، بەشێكی لە ھاووڵاتیانی بناری قەندیل لەو كاتەوە ئاوارەی شار و ناوچەكانی دیكە بوونە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە گوندەكانیان.

ھ.م