عه‌بادی بە شاردنەوەی چەندین دۆسێی گەندەڵی تۆمەتبار دەكرێت

"عێراق نوقمی چەندین دۆسێی گەندەڵی گەورەیە بووە"

K24 - ھەولێر

لەماوەی رابردوودا حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پلانی رووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی راگەیاند، ئێستاش چەندین دۆسێی گەندەڵی مەترسیداری لەبەردەستدایە کە پەیوەندییان بەسەرجەم وەزارەتەکان و ژمارەیەکی زۆر لە لێپرسراوانەوە ھەیە، چەندین لیژنەش سەبارەت بەو دۆسیانە پێکھێناوە، بەڵام دوای ئەوەی لیژنەکان راپۆرتەکانیان داوەتەوە، عەبادی دووبارە ئەو دۆسیانەی داخستووە و فەرمانی نەکردووە لێکۆڵینەوە لەبارەیانەوە دەست پێبکات.

لە كاتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، عەبادی، ئومێدی وای نیشاندەدا، كە لەوەی پێش خۆی جیاوازتر كار بۆ ھەموو عێراقییەك دەكات و وڵات لە ھەموو ئەو بەڵا و ئاڵۆزییانەی تووشی ھاتووە رزگار دەكات، بەڵام نەك ھەر ئەوەی نەكرد، بەڵكو زۆر لەوانی پێش خۆی زیاتر جڵەوی ھەڵكێشا.

سەرەڕای ھەموو ئەو بەڵێنانەی کە لە ماوەی رابردوودا حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران دابووی، بەڵام سەرجەم دۆسیەکانی پشتگوێ خستوون.

رۆژنامەی ئەلعەرەبیلجدید، لە راپۆرتێكدا نوسوویەتی، ئێستا عێراق نوقمی چەندین دۆسێی گەندەڵی گەورەیە بووە، کە ئاستەنگی گەورەی بۆ حکوومەت و ھاووڵاتیان دروستکردووە، لەنێو سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا و بەشێوەیەکی فراوان بڵاوبووەتەوە، بەڵام عەبادی نەیتوانیووە سنوورێك بۆ گەندەڵییەكان دابنێت.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/59226245-daf0-4cb4-9e6e-8434d2a660e4/032218PEE.ism/manifest

چاودێرانی سیاسی و ئابووری، گومان لە توانای عەبادی دەکەن و پێیانوایە بەھۆی ئەوەی ئەو ھێز و لایەنانەی لە زۆرینەی دۆسیەکانی گەندەڵی تێوەگلاون، دەسەڵات و ھێزیان لە حکوومەت کەمتر نییە، چاوپۆشی لە ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی دەکات.

سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەیان دۆسێی گەندەڵی مەترسیداری لەبەردەستدایە و چەندین لیژنەش سەبارەت بەو دۆسیانە پێکھێنراوە کە پەیوەندییان بەسەرجەم وەزارەتەکان و ژمارەیەکی زۆر لە لێپرسراوانەوە ھەیە، ، بەڵام عەبادی جارێكی دیكە دۆسییەكانی داخستووە.

ئێستا ئەوەی دەردەكەوێت ئەوەیە پێچەوانەی قسە و بەڵێنەكانی، عەبادی ھیچ نیازێکی راستەقینەی بۆ لەناوبردنی گەندەڵی لە عێراق نییە، بەڵكو سەرقاڵكردنی خەڵكە بە لێدوان و وتارەكانی كە بەكردەیی ھیچی لێ سەوز نابێت.

ھ.م