ماكرۆن هه‌ڵوێستێكی دژ به خواسته‌كانی ئه‌ردوغان نیشان ده‌دات
K24- هه‌ولێر:
ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا دووباره دووپاتیكرده‌وه، هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر كرده سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ئاشكرایه و، هه‌میشه ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه و گوتی: "ئه‌وه‌ی توركیا ده‌یكات پێشێلكردنی سه‌روه‌ری وڵاتێكه".
ئه‌م قسانه‌ی ماكرۆن له گوتارێكدا له لووتكه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا له برۆكسل هاتوون، كه ئه‌مڕۆ ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد و رایگه‌یاند: "هه‌ڵوێستی من له‌باره‌ی دۆسیه‌ی عه‌فرینه‌وه هه‌میشه روون و ئاشكرا بووه، من له‌و باوه‌ڕه‌دام، پێویسته به‌رژه‌وه‌ندییه ئه‌منییه‌كانی توركیا له‌به‌رچاو بگرین و هه‌رچه‌نده حاڵه‌تی جه‌گیشه، به‌ڵام هیچ كاتێك پشتگیری له هه‌وڵێك ناكه‌ین كه سه‌روه‌ری خاكی وڵاتێكی دیكه‌ی وه‌ك سووریا ببه‌زێنێت".
ماكرۆن دووپاتیكرده‌وه: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر كارێك رازی نابین كه یاسا و بڕیاره‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵتی پێشێل بكات، به‌تایبه‌ت پیشێلكردنی ئه‌و بڕیاره‌ی كه بۆ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له سه‌رانسه‌ری سووریا بۆماوه‌ی مانگێك ده‌ركراوه و، هه‌موومان پشتگیریمان له‌و بڕیاره كردووه".
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی گفتوگۆ له‌نێوان یه‌كێتی ئه‌وروپا و توركیاش كرده‌وه، له‌پێناو "دووباره ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان"، گوتیشی: "فه‌ره‌نسا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌خاته گه‌ڕ".
ماكرۆن ئاشكراشیكرد، "پرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا یه‌كێكه له‌و دۆسیانه‌ی كه له لوتكه‌ی برۆكسل تاوتوێ ده‌كرێت".
له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی كرده سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا له دژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه له شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان، حكوومه‌تی فه‌ره‌نسا به به‌رده‌وامی ره‌خنه‌ی له ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی توركیا گرتووه، كه له 20ی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵه‌وه، سوپای توركیا به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی گروپه توندڕه‌وه‌كانی ئۆپۆزسیۆن كه ناویان له‌خۆناوه "سوپای سووریای ئازاد" و له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه پشتگیری ده‌كرێن، ده‌ستی به كرده‌یه‌كی سه‌ربازی كردووه.
فه‌ره‌نساش یه‌كێك له‌و وڵاتانه بووه، كه به‌هاوشانی له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به چه‌ك و مه‌شقی سه‌ربازی له شه‌ڕی دژ به داعش، هاوكاری یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه‌ی كردووه، هه‌وره‌ها به ده‌یان راوێژكاری هێزه تایبه‌ته‌كانی له ناوچه‌كه هه‌یه.
H.B