باوكێك ئه‌شكه‌نجه‌ی كچه‌ 3 مانگییه‌كه‌ی ده‌دات و 12 شوێنی جه‌سته‌ی ده‌شكێنێت

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌زی ده‌كرد منداڵه‌ تازه‌ له‌ دایكبووه‌كه‌ كوڕ با نه‌ك كچ

K24 - هه‌ولێر:

پیاوێكی ئه‌مه‌ریكی، ئه‌شكه‌نجه‌ی كچه‌ 3 مانگییه‌كه‌ی ده‌دات و به‌ گوێره‌ی راپۆرتی پزیشكی، 12 شكاوی له‌ ئێسكی جه‌سته‌ی منداڵه‌ ساواكه‌دا هه‌یه‌، چونكه‌ باوكه‌كه‌ ده‌یه‌ویست له‌ جیاتی كچ، كوڕی هه‌بووایه‌.

جیسن بیتنه‌ر، 33، ساڵ، "به‌ توندی ئازاری" جه‌سته‌یی كچه‌ سێ مانگییه‌كه‌ی داوه‌، به‌هۆیه‌وه‌ش سه‌ری كچه‌ ساواكه‌ به‌ سه‌ختی برینداربووه‌ و پزیشكانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ لێدانی به‌هێزی باوكه‌كه‌، 12 شكاوی له‌ جه‌سته‌ی منداڵه‌كه‌دا هه‌یه‌.

دوای ئه‌وه‌ی باوكه‌كه‌ منداڵه‌كه‌ی گه‌یاندووه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌، پزیشكان گومانیان له‌ حاڵه‌ته‌كه‌ هه‌بووه‌، بۆیه‌ پۆلیسیان له‌ رووداوه‌كه‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانیش ده‌ستییان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پیاوه‌كدا كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "Mirror"ی به‌ریتانی، ئێستا پیاوه‌كه‌ ده‌ستگیركراوه‌ و تۆمه‌تی هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ژیانی كچه‌ سێ مانگییه‌كه‌ی دراوه‌ته‌ پاڵ.

جیسن وه‌كو شاره‌زا له‌ بواری چاره‌سه‌ری فیزیای له‌ شاری ماسۆنی ویلایه‌تی ئۆهایۆ كار ده‌كات و هاوسه‌رگیری كردووه‌، باوكی دوو كچی دیكه‌یه‌ و له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 2018، واتا نزیكه‌ی سێ مانگ به‌ر له‌ ئێستا، كچێكی دیكه‌یان بووه‌، به‌ڵام به‌ له‌دایكبوونی ئه‌و كچه‌ نیگه‌ران بووه‌ و حه‌زی كردووه‌ كوڕی هه‌بووایه‌.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ ساتی له‌دایكبوونی كچه‌كه‌، خێزانه‌كه‌یان وێنه‌یه‌كی یادگارییان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌ربڕی خۆشحاڵییانه‌ به‌ هاتنه‌ دنیای كچی سێیه‌میان، به‌ڵام باوكه‌كه‌ ته‌نها به‌ روواڵه‌ت به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، چونكه‌ ئه‌و ده‌یه‌ویست له‌ جیاتی ئه‌و كچه‌، كوڕێكیان هه‌بووایه‌.

 

ا. م