ئه‌ردۆغان ده‌ستپێكردنى هێرشى بۆ سه‌ر شنگال راگه‌ياند

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ ده‌ستپێكردنى ئۆپراسيۆنى سه‌ربازى له‌ دژى پارتى كرێكارانى كوردستان(په‌كه‌كه‌) له‌ شنگال راگه‌ياند.

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ ده‌ستپێكردنى ئۆپراسيۆنى سه‌ربازى له‌ دژى پارتى كرێكارانى كوردستان(په‌كه‌كه‌) له‌ شنگال راگه‌ياند.

ئه‌ردۆغان له‌ وته‌يه‌كدا كه‌ ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ئه‌نادۆڵى ره‌سمى توركيا بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، رايگه‌ياند، "دووپاتمانكرده‌وه‌ ئێمه‌ ده‌چينه‌ شنگال، ئێستاش كرده‌وه‌ سه‌ربازييه‌كان له‌وێ ده‌ستيانپێكردووه‌".

ده‌قى لێدوانه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان له‌ ئاژانسى ئه‌نادۆڵى ره‌سمى توركيا
ده‌قى لێدوانه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان له‌ ئاژانسى ئه‌نادۆڵى ره‌سمى توركيا

ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌شى وتووه‌: "توركيا شه‌ڕى تيرۆريستان له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌كات".

هه‌روه‌ها وتويه‌تى: "ئێمه‌ ده‌وڵه‌تێكى داگيركه‌ر نيين و خه‌مى گه‌وره‌مان له‌ناوبردنى تيرۆره‌".

ده‌ستپێكردنى هێرشى سه‌ربازى توركيا بۆ سه‌ر شنگال له‌ كاتێكدا دێت، كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا، په‌كه‌كه‌ به‌ ره‌سمى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى له‌ شنگال راگه‌ياند.

وێنه‌ى بريندارێكى بۆردومانى فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى توركيا بۆ سه‌ر نێروه‌ و رێكان، ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 25ى ئازار/ مارسى 2018، فۆتۆ: كوردستان24
وێنه‌ى بريندارێكى بۆردومانى فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى توركيا بۆ سه‌ر نێروه‌ و رێكان، ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 25ى ئازار/ مارسى 2018، فۆتۆ: كوردستان24

دواى خيانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017، هێزه‌ عێراقييه‌كان و ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبى شنگاليان داگيركردووه‌ و هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا نه‌ماوه‌.

له‌ ميانى شه‌ڕى داعشدا، سوپاى توركيا بنكه‌يه‌كى سه‌ربازى له‌ نزيك باشيكى ده‌ڤه‌رى شنگال دامه‌زراندووه‌ و چه‌ندينجار حكومه‌تى عێراق داواى كشانه‌وه‌ى ئه‌و هێزه‌ى توركياى كردووه‌، به‌ڵام توركيا گوێى به‌ داواكانى به‌غدا نه‌داوه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆ په‌يامنێرى كوردستان24 له‌ دهۆك رايگه‌ياند، لە ئەنجامی بوردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانى نێروە و رێکان، کەمێک پێش ئێستا، هاووڵاتييه‌كى مه‌ده‌نى خەڵکی ناوچەکە بە ناوی نیهاد محەممەد برینداربووە.

ئ.ر

كه‌ناڵه‌ بيانييه‌كان به‌ گرنگييه‌وه‌ هه‌واڵى ده‌ستپێكردنى هێرشى توركيايان بۆ سه‌ر شنگال بڵاوكردووه‌ته‌وه‌
كه‌ناڵه‌ بيانييه‌كان به‌ گرنگييه‌وه‌ هه‌واڵى ده‌ستپێكردنى هێرشى توركيايان بۆ سه‌ر شنگال بڵاوكردووه‌ته‌وه‌