به ڤيديۆ.. له عه‌فرين ئاڵاى توركيا له قوتابخانه‌كان هه‌ڵكرا
K24 – هه‌ولێر:
دواى ئه‌وه‌ى عه‌فرين له لايه‌ن سوپاى توركيا و هێزه به‌رهه‌ڵستكاره ئيسلامييه‌كانه‌وه ده‌ستى به‌سه‌رداگيرا، ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ئه‌نادۆڵ بڵاويكرده‌وه، كه پرۆسه‌ى خوێندن له شاره‌كه ده‌ستيپێكردووه‌ته‌وه.
به گوێره‌ى گرته‌يه‌كى ڤيديۆيى كه ئاژانسه‌كه بڵاويكردووه‌ته‌وه، ژماره‌يه‌ك له كه‌سانى سه‌ر به به‌رهه‌ڵستكاره‌كان به جلى سه‌ربازييه‌وه له قوتابخانه‌يه‌كى عه‌فريندا قوتابيانيان كۆكردووه‌ته‌وه و به ئاڵاى توركياوه نمايش به قوتابييه‌كان ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها ئاڵاى توركيا و وێنه‌يه‌كى گه‌وره‌ى ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان به ديوارى ده‌ره‌وه‌ى قوتابخانه‌كه هه‌ڵواسراوه.
به گوێره‌ى زانيارييه‌كانى ئه‌و ئاژانسه، پرۆسه‌ى خوێندن به عه‌ره‌بى ده‌ستيپێكردووه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه دێت كه له ساڵانى رابردوودا ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى عه‌فرين، سيستمى په‌روه‌رده‌ى به كورديى كردبوو. منداڵانى كورد به زمانى دايكيى وانه‌كانيان ده‌خوێند.