له كه‌ركووك بڕيارى رووخاندنى گه‌ڕه‌كه زياده‌ڕۆكان جێبه‌جێده‌كرێت
K24 – هه‌ولێر:
پارێزگارى كه‌ركووك به وه‌كاله‌ت، راكان جبوورى، فه‌رمانێكى نوێى ده‌ركردووه بۆ رووخاندنى سه‌رجه‌م ئه‌و گه‌ڕه‌ك و شوێنگه بازرگانيانه‌ى به زياده‌ڕۆيى له سنوورى قه‌زاى ناوه‌ندى كه‌ركووك درووستكراوون.
به گوێره‌ى نووسراوێكى ره‌سمى، كه وێنه‌يه‌كى ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه و به ژماره (2759)ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 27ى ئازار/ مارسى 2018 ده‌رچووه، هاتووه : "رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى كۆتايى ئه‌م هه‌فته‌يه، له سه‌نته‌رى شارى كه‌ركووك، هێزێكى هاوبه‌شى ئه‌منى له يه‌ك كاتدا ده‌ستده‌كات به رووخاندنى سه‌رجه‌م شوێنه زياده‌ڕۆيه‌كان".
له نووسراوه‌كه‌دا هاتووه: به به‌شدارى قائيمقام و به‌ڕێوبه‌رى شاره‌وانى و به‌ڕێوبه‌رى خانوبه‌ره له ديوانى پارێزگا كۆبوونه‌وه‌يه‌ك ئه‌نجامدرا و تێيدا ئه‌م بڕيارانه ده‌ركران:
يه‌كه‌م: پێكهێنانى هێزێكى هاوبه‌ش له ده‌زگاى دژه تيرۆر، پۆليسى ئيتيحادى، وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خێرا، پۆليسى كه‌ركووك، حه‌شدى شه‌عبى، يه ياوه‌رى ئه‌فسه‌رانى ده‌زگاى دژه تيرۆر و پۆليسى ئيتيحادى و پۆليسى كه‌ركووك و حه‌شدى شه‌عبى.
دووه‌م: له يه‌ك كاتدا ده‌ستده‌كرێت به لابردنى زياده‌ڕه‌وييه‌كان له‌سه‌ر شوێنه بازرگانى و خزمه‌تگوزارييه گشتييه‌كانى ته‌واوى ناوچه‌كانى كه‌ركووك.
سێيه‌م: ئه‌و هێزانه ياوه‌رى ئه‌و ليژنه‌يه ده‌كه‌ن، كه قايمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى كه‌ركووك به گوێره‌ى بڕيارى 154ى ساڵى 2001 تايبه‌ت به هه‌ڵگرتنى زياده‌ڕه‌وييه‌كان رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى داهاتوو ده‌ستبه‌كار ده‌بن.
چواره‌م: قائيمقام هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانى حه‌شد و ئه‌و هێزانه ده‌كات، كه له كه‌ركووك هه‌ن.
پێنجه‌م: شاره‌وانى كه‌ركووك، سه‌رجه‌م ئامێر و پێداويستييه‌كانى تايبه‌ت به لابردنى زياده‌ڕه‌وييه‌كان دابين ده‌كات.
ده‌ركردنى ئه‌م بڕياره دواى ئه‌وه هات له مه‌راسيمى كردنه‌وه‌ى ئاگرى نه‌ورۆز له كه‌ركووك، به‌رپرسێكى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان، له باره‌ى رووخاندنى شوێنه زياده‌ڕۆييه‌كان وتبووى: "پارێزگار شه‌كرى شكاند".
به گوێره‌ى ئه‌و بڕياره نوێيه‌ى پارێزگارى كه‌ركووك به وه‌كاله‌ت، زۆربه‌ى بازار و گه‌ڕه‌كه كوردييه‌كانى كه‌ركووك به هۆى ئه‌وه‌ى تاپۆيان نييه و به زياده‌ڕۆيى درووستكراوون، ده‌ڕووخێنرێن.
له 2003ه‌وه كه‌ركووك رزگار كراوه و له ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئيداره‌ى كورديدا بووه و پارێزگارى شاره‌كه كورد بووه، به‌ڵام تا ئێستا زۆربه‌ى گه‌ڕه‌كه كوردييه‌كان و ماڵ و حاڵى ئه‌و ئاوارانه‌ى دواى 2003 گه‌ڕاونه‌ته‌وه زێدى خۆيان بۆ كه‌ركووك، تاپۆيان نييه و به ره‌سمى له لايه‌ن ئيداره‌ى كورديى شاره‌كه‌وه نه‌ناسێنراون.
گه‌ڕه‌كى په‌نجا عه‌لى، كه زياتر له 35 هه‌زار ماڵى هاووڵاتيانى كورديى تێدايه به‌رچاوترين گه‌ڕه‌كى كورديى زياده‌ڕۆيه له كه‌ركووك و پێشتر له لايه‌ن ئيداره‌ى كورديى كه‌ركووكه‌وه كارى ياسايى و نه‌خشه و رێككارى تاپۆكردنى بۆ نه‌گيراوه‌ته به‌ر.
هه‌روه‌ها شوێنى بازرگانى و گه‌ڕه‌كى زياده‌ڕۆ، له گه‌ڕه‌كه‌كانى شۆڕيجه، ئازادى، ئيمام قاسم، بارووتخانه، فه‌يله‌ق، سه‌رچنار و ده‌روازه كراونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها له سه‌ر رێگه‌ى گشتى كه‌ركووك-سلێمانى و كه‌ركووك-هه‌ولێر، ده‌يان شوێنكار و هۆڵ و كۆگا و شوێنى بازرگانى درووستكراوون و سه‌رجه‌ميان له لايه‌ن هاووڵاتيانى كورده‌وه درووستكراوون و هيچكامێكيان تاپۆيان نييه و به زياده‌ڕۆ هه‌ژمار ده‌كرێن.
ده‌ركردنى ئه‌م بڕيارانه، دواى ئه‌وه دێت، له 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017دا به‌شێك له به‌رپرسانى يه‌كێتى له‌گه‌ڵ حه‌شدى شه‌عبى و سوپاى عێراق به سه‌رپه‌رشتى سوپاى پاسداران رێككه‌وتن و بڕيارياندا ده‌روازه‌كانى كه‌ركووك به رووى له‌شكرى سوپا و حه‌شدا بكه‌نه‌وه و رێگرى له به‌رگرى هێزى پێشمه‌رگه بكه‌ن و رووداوه‌كه‌ش له لايه‌ن هاووڵاتيانى كورددا به "خيانه‌تى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر" ناوده‌برێت.
ئ.ر