"پاشه‌كه‌وت به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێ، رێژه‌ی پاشه‌كه‌وت كه‌مكرایه‌وه"
K24 - هه‌ولێر:
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ناوه‌ڕۆكی ده‌ستكاریكردنی سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌خاته‌ڕوو.
سه‌رۆك وه‌زیران له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، روونیكرده‌وه، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له باره‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بوو.
راشیگه‌یاند، هه‌میشه مووچه‌كانمان كه‌مده‌كرده‌وه به پێی ئه‌و داهاته‌ی هه‌مانبوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دوای سێ ساڵ سه‌ختی ژیانی مووچه خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌نگاوی باشیان ناوه بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌و ره‌وشه سه‌خته داراییه بهێنرێت.
روونیشی كرده‌وه، ئه‌وه‌ی ئێستا كۆتایی نییه، به‌ڵام هه‌نگاوێكی گرنگه و دوای په‌سه‌ندكردنی یاسای چاكسازی له په‌رله‌مان، ده‌توانرێت بگوترێت به ته‌واوه‌تی ئه‌و ره‌وشه كۆتایی پێكدێت، به‌تایبه‌تیش هه‌ندێك چاكسازی، دووپاتیشی كرده‌وه، پاشه‌كه‌وتی مووچه به‌ته‌واوی نامێنێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، بڕیاردراوه، سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه ده‌ستكاری بكرێت و مامۆستایان و كارمه‌ندانی ته‌ندرووستی به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی ره‌چاو بكرێن و زۆرترین پاشه‌كه‌وت بڕی 30% و كه‌مترینیش 10% بێت.
نێچیرڤان بارزانی، له وه‌ڵامی رۆژنامه‌واناندا و له باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندی هه‌رێم و ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باشه و ئه‌وان له شه‌ڕی داعش یارمه‌تی كوردستانییاندا كه به‌بێ یارمه‌تی ئه‌وان ئه‌سته‌م بوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سوپاسی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ین.
روونیشی كرده‌وه، ئه‌مه‌ریكا به‌شێك له مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ش ئه‌وان دابینی ده‌كه‌ن، په‌یوه‌ندیشیان په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌یه و باشه، به هیوای ئه‌وه‌ین په‌یوه‌ندییه‌كه باشتریش بكه‌ین، به‌تایبه‌تیش له رووی ئابوورییه‌وه.
له باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانیشه‌وه رایگه‌یاند، بۆ كۆتاییهێنان به ئاژاوه و كێشه له هه‌رێمی كوردستان هه‌موو رێگه‌یه‌ك ده‌گرینه‌به‌ر و هه‌موو كارێكیش ده‌كه‌ین.
دووپاتیشی كرده‌وه، بڕیارێكی باش له به‌رژه‌وه‌ندی مووچه‌خۆران دراوه و له ئایینده‌یه‌كی نزیك پاشه‌كه‌وتی مووچه نابێته بابه‌ت و نامێنێت.
روونیشی كرده‌وه، به‌مدواییانه هه‌ندێك لایه‌ن سه‌ریان له سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیش شێواند، پێیانده‌گوت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم مه‌كه، له‌گه‌ڵ پارێزگاكان و وه‌زاره‌ته‌كان مامه‌ڵه بكه، به‌رده‌وام له رێگه‌ی به‌غدا بوون و ئامۆژگاری عه‌بادییان ده‌كرد.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، عه‌بادی له‌و باره‌یه‌وه ده‌ستووری پێشێل نه‌كرد و راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ی كرد، ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه نه‌هاتنی بوودجه‌ش كێشه‌ی ئه‌و حزبانه بوو، ئه‌و پاره‌یه‌شی كه ناردوویه‌تیی به‌شی مووچه‌ی هه‌موو مووچۆران ناكات، به‌ڵام ده‌ستپێكێكی باشه و له داهاتوودا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌بڕێنینه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا.
ئاماژه‌ی به بڕیارێكی په‌رله‌مانی به‌غدا كرد و له باره‌ی مووچه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان رایگه‌یاند، له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته له‌سه‌ر هێڵ بووین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، مووچه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان ده‌بێت له‌سه‌ر بوودجه‌ی سیادی بێت و له‌سه‌ر بوودجه‌ی ئه‌وان بدرێت، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییه و به هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی وه‌سفی كرد.
له باره‌ی بایكۆتی مامۆستایان و پزیشكانیش رایگه‌یاند، گۆڕینی داواكاری ره‌وای خه‌ڵك له‌لایه‌ن هه‌ندێك هێزی سیاسییه‌وه خه‌ریكه ده‌قۆزرێته‌وه و باسی رۆیشتنی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به سندووقی ده‌نگدان هاتووه و هه‌ر به‌و رێگه‌یه‌ش ده‌ڕوات، ته‌نها ئه‌و گه‌له ده‌توانێت له رێگه‌ی سندووقی ده‌نگدانه‌وه حكوومه‌ت لابدات.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، مووچه‌خۆران پێویسته هه‌مووان ئه‌وه بزانن، كه شتێكی گونجاو نییه حكوومه‌ت پاره‌ی هه‌بێت و مووچه نه‌دات، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه توانا نه‌بووه و كێشه هه‌بووه، سه‌ریان له خه‌ڵك تێكداوه، له رێگه‌ی چه‌واشه‌كاری و زانیاری هه‌ڵه‌وه خه‌ڵكیان چه‌واشه‌كردووه.
دووپاتیشی كرده‌وه، پێش ئێستا نه‌ده‌توانرا، به‌ڵام ئێستا توانرا و بڕیاریشدرا و له ماوه‌یه‌كی نزیكیشدا پرسی پاشه‌كه‌وتی مووچه به یه‌كجاری ناهێڵین.
نێچیرڤان بارزانی، ده‌نگۆی رێككه‌وتنی ژێر به‌ژێریشی له‌گه‌ڵ به‌غدا ره‌تكرده‌وه و رایگه‌یاند، هه‌موو شتێك به شه‌فافی و روونی كراوه و هیچ رێككه‌كوتنێكی ژێر به‌ژێر نه‌كراوه.
له باره‌ی گه‌شتكردنه‌وه بۆ سلێمانیش رایگه‌یاند، له‌نزیكه‌وه ئاگاداره و له‌سه‌ر هێڵه و به هیوان له زووترین كاتدا ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك كاتی ده‌وێت.
سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتیشی كرده‌وه، ئه‌و بڕیارانه‌ی ئه‌وڕۆدران، ده‌توانرێت 30 رۆژ جارێك مووچه دابه‌ش بكه‌ین.
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، له‌مه‌ودوا خانه‌نشینان، كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌وانه‌ی مووچه‌یان له 400 هه‌زار كه‌متره له كاتی خۆیدا وه‌ریده‌گرن.
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كرده‌وه، وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێم پره‌نسیپێك هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه نابێت خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆ درووستكردنی پشێوی و ئاژاوه له وڵاتانی دراوسێ، ئێران و توركیا و سووریا به‌كاربهێنرێت و چه‌ندین جاریش ئه‌وه‌مان راگه‌یاندووه.
هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه، یه‌كه‌مجار ده‌بێت هۆكارێك چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌ویش نابێت له ناو خاكی هه‌رێمه‌وه بچن كرده‌وه‌ی سه‌ربازی ئه‌نجامبده‌ن و بێنه‌وه ناو خاكی هه‌رێم.
له باره‌ی ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووسانیش، رایگه‌یاند، ئه‌وه شتێكی قه‌بووڵ نییه و ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه، هاوكات دژی به‌لاڕێدابردنی خۆپیشاندانه‌كانین و بۆ رێگریكردنیش رێكاری پێویست ده‌گرنه‌به‌ر.
له باره‌ی دانه‌وه‌ی مووچه پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوو، رایگه‌یاند، ئه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر داهاتی حكوومه‌ت، ئه‌گه‌ر داهات زیاتر بوو بێگومان چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ش ده‌كرێت.
دواتر رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان، له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه هاوبه‌شه‌كه‌دا رایگه‌یاند، به‌غدا بۆ ناردنی مووچه دوو لێژنه‌ی پێكهینا بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و ته‌ندرووستی، دواتریش بۆ خێراكردنی پرۆسه‌كه لێژنه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ش پێكهێنا.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، له زاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و گوته‌بێژی حكوومه‌تیش، سه‌رنج له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوو ته‌نها مووچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی و په‌روه‌رده بنێرن، به‌ڵام دواتر بڕه پاره‌یه‌كیان بۆ لقی بانكی خۆیان له هه‌ولێر ناردووه كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه نییه و دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندییه‌وه ئاگاداركراینه‌وه كه بڕێك پاره له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه بڕیاری سه‌رفكردنی دراوه بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ته‌واوی نامه فه‌رمییه‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه كه پاره گه‌یشتووه‌كه هی چییه.
رێباز حه‌ملان، روونیشیكرده‌وه، بۆ به‌رچاوروونی هه‌موو لایه‌ك، ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاره‌كانی به‌غدا و راپۆرتی ته‌واوی چۆنیه‌تی سه‌رفكردنه‌كه‌ش بۆ به‌غدا ره‌وانه‌كراوه‌ته‌وه، كه پاره‌كه‌ش بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه بووه.
له باره‌ی بڕیاری ده‌ستكاریكردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ش، كه له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران باسكراوه، رایگه‌یاند، پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم له په‌یامی نه‌ورۆز ئاماژه به‌وه‌كرا، كه ده‌ستكاری مووچه ده‌كه‌ین.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له رێگه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان بڕی 375 ملیار داهات ده‌گاته لامان و 317 ملیاریش له‌لایه‌ن به‌غدا و ئه‌مه‌ریكاش 25 ملیار دینار دابین ده‌كات.
بۆ مووچه‌ش به سیسته‌می پاشه‌كه‌وت 588 ملیار پێویست بوو و ئێستاش 720 ملیار هه‌یه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش دابه‌ش ده‌كرێنه‌وه.
له‌و بڕه پاره‌یه‌ش، 110 ملیار ده‌چێته‌وه سه‌ر مووچه‌خۆرانی مه‌ده‌نی، 10 ملیار بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و ده‌زگای ئاسایش 12 ملیار ده‌خرێته‌وه سه‌ر مووچه‌كانییان.
هه‌روه‌ها باسی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كرد كه ئه‌مرۆ بڕیاری لێدراوه‌و گووتی: "له‌مه‌و پاش ئه‌وانه‌ی تا 400 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن، مووچه‌ی ته‌واو وه‌رده‌گرن.
بۆ مووچه‌خۆرانی دیكه‌ش به نموونه شیكردنه‌وه‌ی بۆ زیادكردنه‌كه كرد و گووتی: "ئه‌گه‌ر كه‌سێك 800-900 هه‌زار وه‌رده‌گرێت، له رابردوودا 50% پاشه‌كه‌وت كراوه، به‌ڵام ئێستا 18%ی پاشه‌كه‌وت ده‌كرێت. ئه‌وه‌ی 840 هه‌زار تا 900 هه‌زاری هه‌یه له‌مه‌و پاش نزیكه‌ی 689 هه‌زار دینار ده‌رده‌گرێت".
نموونه‌یه‌كی دیكه‌شی هێنایه‌وه، كه ئه‌وانه‌ی پێشتر مووچه‌یان له نێوان ملیۆن تا ملیۆن و نیو بوو، پێشتر 60%ی پاشه‌كه‌وت ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا ته‌نها 23% پاشه‌كه‌وت ده‌كرێت.
دووپاتیشی كرده‌وه، مووچه‌ی وه‌زیره‌كان و پله تایبه‌ته‌كان وه‌كو پێشوو به سیسته‌می پاشه‌كه‌وت ده‌مێنێته‌وه و ده‌ستكاری نه‌كراون