بن سه‌لمان داوای مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له سووریا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه، داوای مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له سووریا ده‌كات و به‌دووری ده‌زانێت به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا له ده‌سه‌ڵات لاببرێت.
له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری تایمی ئه‌مریكی، شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه گوتوویه‌تی: "به‌شار ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام پێموایه له به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رۆكی سووریا نییه رێگه به ئێرانییه‌كان بدات هه‌رچییه‌كیان بوێت له سووریا بكه‌ن".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "پێویسته سوپای ئه‌مریكا له سووریا بمێنێته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ رایگه‌یاندووه به‌مزووانه هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له ململانێكانی ئه‌و وڵاته دێنێته ده‌ره‌وه".
بن سه‌لمان به گۆڤاره ئه‌مریكییه‌كه‌ی گوتووه: "پێموایه ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی درێژیش نه‌بێت، بۆ ماوه‌یه‌كی مامناوه‌ند پێویسته هێزه‌كانی ئه‌مریكا له سووریا بمێننه‌وه، چونكه مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه دوا كۆششه بۆ رێگه‌گرتن له به‌رده‌م فراوانكردنی هه‌ژموونی ئێران له سووریا".
ئه‌وه‌ش به دوا هه‌وڵی راگرتنی دووژمنه سه‌رسه‌خته‌كه‌ی سعوودیه ناو ده‌بات له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه هه‌رێمییه‌كانی.
پێشتر بن سه‌لمان له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی دووپاتیكرده‌وه: "ئه‌گه‌ر وڵاته‌كه‌ی له خۆدوورخستنه‌وه له ململانێی سه‌ربازی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، پێشبینی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگێك له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كه‌ن، كه بۆ ماوه‌ی 10 تا 15 ساڵ بخایه‌نێت، پێویسته له‌وه‌دا سه‌ركه‌وین كه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی به‌لاوه بنێین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانی سه‌ركه‌وتوو بین، ئه‌وا بژارده‌ی دووه‌م هه‌ڵبه‌ته هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نێوان سعوودیه و ئێرانه، كه به‌لایه‌نی كه‌م 10 تا 15 ساڵی داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بێت".