به ڤیدیۆ... تۆتێنهام دوای 28 ساڵ گورزێكی گه‌وره‌ی له چێڵسی وه‌شاند
له گه‌ڕی 32ـه‌می پرێمه‌رلیگ، یانه‌ی چێڵسی له نێو یاریگه‌ی خۆی گورزێكی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وت و به ئه‌نجامی 3 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك یارییه‌كه‌ی به تۆتێنهام دۆڕاند.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، له یاریگه‌ی ستامفۆرد بریج له له‌نده‌ن یانه‌ی چێڵسی میوانداریی یانه‌ی تۆتێنهام هاوشاری كرد، سه‌ره‌تا له خوله‌كی 30 ئالڤارۆ مۆراتا ده‌ستپێشخه‌ری له گۆڵكردن كرد و یانه‌ی بلووزی به گۆڵێك پێشخست.
پێش ئه‌وه‌ی فیكه‌ی كۆتایی گێمی یه‌كه‌م لێ بدرێت، له خوله‌كی 46 كریستیان ئێریكسن ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ تۆتێنهام یه‌كسان كرده‌وه.
له گێمی دووه‌میش له ماوه‌ی 4 خوله‌ك دێلی ئالی دوو گۆڵی له‌سه‌ریه‌كی تۆمار كرد یانه‌ی چێڵسی به‌رده‌م هانده‌رانی تووشی شكست و شه‌رمه‌زاری كرد، به‌مه‌ش چێڵسی به 56 خاڵ له خانه‌ی پێنجه‌م مایه‌وه و به جیاوازی 8 خاڵ له یانه‌ی تۆتێنهامی چواره‌م دووركه‌وته‌وه و ئه‌ركی بۆ گه‌یشتن به چامپیۆنزلیگی داهاتوو كه‌وته مه‌ترسی.
گرینگ‌ترین رووداو و ئاماره گرینگه‌كانی یارییه‌كه:
ـ یانه‌ی تۆتێنهام ژماره‌ی گۆڵه‌كانی له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه گه‌یانده 100 گۆڵ.
ـ دێلی ئالی له كۆی 100 گۆڵی ئه‌م وه‌رزه‌ی تۆتێنهام 36 گۆڵ و 25 ئاسیستی هه‌بووه.
ـ كریستیان ئێریكسن له‌وه‌ته‌ی وه‌رزی 2013 ـ 2013 توانیویه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سزا له پرێمه‌رلیگ 16 گۆڵ تۆمار بكات، ته‌نیا فلیپی كۆتینهۆ 18 گۆڵی كردووه.
ـ ئێریسكن بۆ سێیه‌م وه‌رز له‌سه‌ریه‌ك له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان 12 گۆڵ و زیاتر تۆمار ده‌كات.
ـ بۆ یه‌كه‌مجاره له دوای 28 ساڵ، تۆتێنهام له نێو یاریگه‌ی ستامفۆرد بریج سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.